وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق: بایی 1.3 ملیار دۆلار 'کا'ـمان لە بەرازیل نەکڕیوە
وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق ئەو دەنگۆیانە رەتدەکاتەوە کە باس لە هاوردەکردنی کا لە بەرازیلەوە بە بەهای 1.3 ملیار دۆلار دەکەن
وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق لە راگەیێندراوێکدا وەڵامی ئەو دەنگۆیانەی دایەوە کە لە هەندێک میدیا بڵاوبوونەتەوە لەبارەی هاوردەکردنی کا لە بەرازیلەوە.
ئەمڕۆ شەممە وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق ڕایگەیاند، ئەو بڕە پارەیەی باس دەکرێ تەنیا بۆ هاوردەکردنی کا نەبووە، بەڵکو کۆی تێچووی چەندین بەرهەمی جیاواز بووە کە عێراق لە بەرازیلی کڕیوە، لەوانە شەکر، گۆشتی مریشک، سۆیا و مەڕو ماڵات، کە کۆی گشتی بایی 1.3 ملیار دۆلار بووە.
لە درێژەی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، ئەو دەنگۆ و هەواڵانەی بڵاوکراونەتەوە "دژبەیەکییەکی روون لە نێوان ناونیشان و نێوەڕۆکیاندا هەیە" و ئەو ئامارانەی باس دەکرێن ڕاست نین.
ئەمە لە کاتێکدایە، ماوەیەکە میدیا و پلاتفۆرمی سۆشیاڵ میدیا عێراقییەکان دەنگۆی کڕینی "کا" بە بەهای 1.3 ملیار دینار لەلایەن عێراقەوە لە وڵاتی بەرازیل بڵاودەکەنەوە.