ئیبراهیم عەبدولمەجید: ڕێگری لە بەرزبوونەوەی نرخی شوێنە گەشتیارییەکان دەکرێت
پێشبینی دەکرێت بە هەزارەها گەشتیار بۆ بەسەربردنی پشووەکانی سەری ساڵ سەردانی هەرێمی کوردستان بکەن
پێشبینی دەکرێت بە هەزارەها گەشتیار بۆ بەسەربردنی پشووەکانی سەری ساڵ سەردانی هەرێمی کوردستان بکەن و ڕێگری لە بەرزبوونەوەی نرخی شوێنەکان دەکرێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە ئیبراهیم عەبدولمەجید، گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، بۆ هاتنی گەشتیاران لە پشووەکانی سەری ساڵ دا ئامادەکاریی تەواوەتیان کردووە، چەندین لیژنە لە بەرێوەبەرایەتییەکانی گەشت و گوزار پێکهێندراون بۆ ئەوەی چاودێریی شوێنە گەشتیارییەکان بکەن.
بەگووتەی ئیبراهیم عەبدولمەجید، لەگەڵ کۆمەڵەی میوانخانە و چێشتخانەکان هەماهەنگی تەواو کراوە، سەرجەم شوێنەکان لە ڕۆژانی سەری ساڵ کراوە دەبن، پێشبینی دەکەن 200 هەزار گەشتیار سەردانی ناوچە جیا جیاکانی هەرێمی کوردستان بکەن.
گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزار ئاماژەی بەوە دا، هەرێمی کوردستان لە چاو وڵاتانی دیکەی گەشتیاری نرخەکەی بەرز نییە بەڵام یەکێک لە ئەرکە سەرەکییەکانی لیژنەکان ڕێگریکردنە لە بەرزکردنەوەی نرخی شوێنە گەشتیارییەکان.