داعش چووە نێو قوتابخانەیەک لە کەرکووک
دروشمی داعش لەسەر دیواری قوتابخانەیەکی کەرکووک نووسرا و دوو گەنج لەمباریەوە دەستگیرکران
دوو گەنج لە کەرکووک لەسەر دیواری قوتابخانەیەک دروشمی داعشیان نووسیوە و ویستوویانە لە رۆژانی داهاتوودا کردەوەی تیرۆریستی بکەن.
هەواڵگری و لێکۆڵینەوەی فیدراڵیی عێراق ڕایگەیاند، چەند کەسێک چوونەتە نێو قوتابخانەیەک لە کەرکووک و بە بۆیاخی رەش، دروشمی "دەولە ئیسلامییە باقییە"ـیان لەسەر دیوار نووسیوە، کە یەکێکە لە دروشمە سەرەکییەکانی رێکخراوی داعش.
لەم بارەیەوە دژەتیرۆریان لە پارێزگای کەرکووک ئۆپەراسیۆنێکی وردیان ئەنجامدا و توانیان دوو تۆمەتبار دەستگیر بکەن، کە دروشم و پڕوپاگەندەیان بۆ داعش لەسەر دیواری یەکێک لە قوتابخانەکانی کەرکووک نووسیبوو.
هەواڵگری و لێکۆڵینەوەی فیدراڵیی عێراق ئاماژەی بە دانپێدانانی دوو تۆمەتبارەکە کردووە و نووسیویەتی، هەردووکیان لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە پەیوەندییان پێوەکراوە و رێکخراون، هەروەها دانیان بەوەشدا نا کە ئەو دروشمانەیان نووسیوە و ویستوویانە لە رۆژانی داهاتوودا کردەوەی تیرۆریستی بکەن.