موقتەدا سەدر داوا سزادانی سەرۆكی كەنیسەی كلدانی دەکات
دەربڕینی وشەیەک لەلایەن كاردیناڵ لویس ساكۆ، پاتریاك و سەرۆكی كەنیسەی كلدانی هەرای لە عێراق ناوەتەوە و داوا سزادانی دەکرێت
لەسەر دەربڕینی وشەی (ئەلتەتبیع - ئاساییکردنەوەی پەیوەندی) کە زیاتر بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل بەکاردەهێنرێت، داوای سزادانی سەرۆكی كەنیسەی كلدانی دەکرێت.
دوێنێ شەو كاردیناڵ لویس ساكۆ، پاتریاك و سەرۆكی كەنیسەی كلدانی لە عێراق و جیهان لە کەنیسەیەکی شاری بەغدا بەشداری جەژنی ڕۆژی لەدایکبوونی پێغەمبەر مەسیح (دخ) کرد کە تێیدا محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراقیش تێیدا ئامادەبوو و گووتی: "جەنابی سەرۆکوەزیران ئێستا قسە لەبارەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندی (ئەلتەتبیع) دەکرێت، هیوام وایە حکومەتی نوێ گرنگی بەوە بدات کە ئاساییکردنەوە لە عێراق بکرێت، چونکە عێراق وڵاتی ئیبراهیم و پێغەمبەرانە".
دوای تەواوبوونی قسەکانی كاردیناڵ لویس ساكۆ، سوودانی هەستا قسەی کرد و گووتی: "ئێمە لە عێراق پێویستیمان بە ئاساییکردنەوە نییە، بەڵکو پێویستیمان بە برایەتی، خۆشەویستی و پێکەوەژیان هەیە؛ ئەمەش پابەندبوونێکی ئاکاری، شەرعی، دەستووری و یاساییە کە ئەو پەیوەندییانەمان بەسەردا دەسەپێنێت، وشەی ئاساییکردنەوە (ئاساییکردنەوەی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل) لە فەرهەنگی عێراقیدا نییە، چونکە ئەو وشەیە پەیوەستە بە قەوارەیەکی داگیرکەر کە لە دژی زەوی و مرۆڤایەتییە و هەموو ئایینە ئاسمانییەکان رەتی دەکەنەوە".
لەلایەکی دیکەوە موقتەدا سەدر، سەرۆکى رەوتى نیشتمانیی شیعە لەسەر قسەکانی سەرۆكی كەنیسەی كلدانی ڕایگەیاند، "ئاساییکردنەوە تاوانێکە بەگوێرەی یاسای عێراق سزا دەدرێت؛ هەر کەسێک هاندەر بێت یان داوای بکات، بێبەری نابێت لە سزا، داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەم ، ئەرکی خۆیان جێبەجێ بکەن, لە عێراقدا جێگەیەک بۆ شەرعیەتدان بە ئیسرائیل نییە.
دوای ئەم پێشهاتانە پاتریارکیی کلدان ڕوونکردنەوەی لەسەر وتارەکەی ساکۆ دا و ڕایانگەیاند، مەبەستی پاتریارک ساکۆ: "ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی جیهان بووە لەگەڵ خودی عێراق، نەک لەگەڵ هیچ وڵاتێکی دیکە."