ماڵێک نزیکەی 20 ملیۆن دینار زیانی کردووە کەچی بە 60 هەزار دینار قەرەبوو کراوەتەوە!
ئەو پارەیەی کە بۆ لێقەوماوانی لافاوەکەی چەمچەماڵ کۆکرابوویەوە، بەشێوەیەکی دادپەروەرانە دابەش ناکرێت هەندێک ماڵ تەنیا 60 هەزار دیناریان پێدرا
دابەشکردنی زیاتر لە 14 ملیاری قەرەبووی لافاوەکەی چەمچەماڵ دەستیپێکردووە، لەم بڕە پارەیەدا هاووڵاتییەکی زیان لێکەوتوو تەنیا 60 هەزار دیناری پێدراوەتەوە.
هاووڵاتییەکی چەمچەماڵ دوای خەمڵاندنی زەرەر و زیانەکانی ماڵەکەی کە نزیکەی 20 ملیۆن زیانی بەرکەوتووە، تەنیا بڕی 60 هەزار دیناری وەک قەرەبووی زیانەکانی وەرگرتووە.
بەگووتەی هاووڵاتییەکە زیانەکانی ماڵەکەی لە لافاوەکەی چەمچەماڵ بریتییە لە( 9 تەن گەنم و جۆ، 8 کەپس کای ئاژەڵ، 2 تەن وێنجە، 500 کیلۆ برنجی کوردی، 2 کۆپتەر سەقڵی سەقف، 1 مۆلیدەی کارەبا، 3 ماتۆڕی ئاو، 3 کەتەری کارەبایی، خەسلی شۆردنی ئۆتۆمبێل، 200 جەکی بینا).
سەرەڕای ئەم زەرەر و زیانەی هاووڵاتییەکەی چەمچەماڵ، بەگوێرەی نووسراوی فۆڕمی هاوکاری زیانلێکەوتووان تایبەت بە قەزایی چەمچەماڵ تەنیا بڕی 60 هەزار دینار بۆ قەرەبووی ماتۆڕی ئاو پارەیی وەرگرتووە و سەرجەم زیانەکانی دیکەی وەرنەگرتووەتەوە.