پایتەخت

سێ مووچەکەی ئەمساڵ چی بەسەر دێت؟

سێ مووچەکەی ئەمساڵ چی بەسەر دێت؟
کورتە

ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقگفتوگۆ لەسەر پرسی دۆزینەوەی میکانیزمێکی گونجاو بۆ خەرجکردنی مووچەی مانگەکانی داهاتوو دەکات

لەسەر خەرجکردن و یەکلاکردنەوەی پرسی مووچەی هەر یەک لە مانگەکانی 10,11 و 12 ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کۆدەبێتەوە.

ئەمڕۆ سێ شەممە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی دەکات و بەگوێرەی زانیارییەکان، پرسی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان تەوەری سەرەکی دەبێت و لە کۆبوونەوەکەدا بە وردی گفتوگۆ لەسەر چارەنووسی سێ مووچەی کۆتایی ساڵ و پابەندە داراییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا دەکرێت.

ئەوەی بە دڵنیاییەوە بڕیاری لەسەر دەدرێت، بریتییە لە خەرجکردنی مووچەی مانگی 10، کە دوێنێ وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم بۆ ئەم مووچەیە بڕی 120 ملیار دیناری لە داهاتی نێوخۆ بەشێوەی کاش خستە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق.

سەبارەت بە مووچەی مانگەکانی 11 و 12، زانیارییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەسەر دۆزینەوەی میکانیزمێکی گونجاو دەکرێت، ئامانج ئەوەیە شایستە داراییەکانی ئەو دوو مانگە بۆ مووچەخۆران گرەنتی بکرێت، تەنانەت ئەگەر دابەشکردنەکەشیان بکەوێتە ساڵی ئایندە، بۆ ئەمەش وردبینی لە “حەق و حیسابات”ـی دارایی ئەمساڵی نێوان هەردوو حکومەت دەکرێت.

ئەمە لە کاتێکدایە، زۆرێک لە سەرچاوەکان باس لە ئەگەری فەوتانی مووچەکانی مانگی 11 و 12ـی ئەمساڵ دەکەن، بەڵام تا ئێستا هیچ شتێک لەسەر ئەم بابەتە بە دڵناییەوە پشتڕاست نەکراوەتەوە.

 

23 کانونی یەکەم 2025 09:10
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026