بەهۆی تەقینەوەی مینێک 25 سەر ئاژەڵ مردار بوونەوە
لە ناوچە سنوورییەکانی پشدەر تاوەکو ئێستا پاشماوەی مین و تەقەمەنی ماون و ئەمجارە مینێک بە ڕانەمەڕێکدا تەقییەوە.
لە پشدەر مین بە ڕانەمەڕێکەیدا تەقییەوە و دەیان مەڕ و بزن ئاژەڵ بوونە قوربانی.
حەمە عەلی مینە، مەردارە لە سنووری گوندی گرتک سنووری ناودەشت لە قەزای پشدەر بە میدیاکانی ڕاگەیاندووە، مینێکی پاشماوەی جەنگ لە ناوچەی بەنەبارێ بە ڕانەمەڕێکەیدا تەقییەوە و بەهۆیەوە 25 سەر مەڕ و بزن بەر تەقینەوەکە کەوتوون و دەستبەجێ مردار بوونەتەوە.
ئەم مەرداڕە باسی لەوەش کردووە، کە سەرەڕای ئەوەی ئەوان دەزانن ناچەکەیان مەترسیدارە و لە سەردەمی حکومەتی بەعسدا ڕەبایەی سەربازی بووە و تا ئێستا شوێنەوار و پاشماوەی 6 ڕەبایەی لێ ماوە، بەڵام بەهۆی نەبوونی لەوەڕگای دیکە لە گوندەکەیان، ناچارن مەڕوماڵاتەکانیان بۆ ئەو ناوچەیە ببەن.
بەهۆی شەڕ و ململانێکانی نێوان عێراق و ئێران لە ساڵانی 1980 تا 1988 و بوونی بنکەی سەربازی لە ناوچە سنوورییەکانی پشدەر، تا ئێستا ڕووبەرێکی فراوانیان بە مین داپۆشراوە و ساڵانە بە هاووڵاتییان و ئاژەڵاداراندا دەتەقنەوە.