ساڤایا: عێراق یان سەقامگیری یان پارچە پارچە بوون و نائارامی لەبەردەستە
مارک ساڤایا پەیامێکی بۆ عێراق لە بارەی گرووپە چەکدارەکان ئاشتی و نائارامی لە وڵاتە نووسی
لە چوارچێوەی داماڵینی چەک لە گرووپە چەکدارەکانی عێراق و بەدیهێنانی ئاشتی و خۆشگووزەرانی لە وڵاتەکە، نێردەی ترەمپ بۆ عێراق دوو بژاردەی خستەڕوو.
ئەمڕۆ دووشەممە مارک ساڤایا، نێردەی ترەمپ بۆ عێراق لە پلاتفۆڕمی ئێکس ڕایگەیاند، داماڵینی چەک لە دەستی گرووپە چەکدارەکانی عێراق پێشهاتێکی ئەرێنییە و پێشوازی لێدەکرێت، بەڵام ئەم کارە تەنیا بە لێدوانی سادە ناکرێت، بەڵکو داماڵینی چەک پێویستە هەمەلایەنە بێت و لە چوارچێوەی پلانێکی نیشتمانی ڕوون بێت، دەبێت پرۆسەکە هەڵوەشاندنەوەی تەواوی گرووپە چەکدارەکان لەخۆبگرێت.
ساڤایە ئاماژەی بە دەستووری عێراق کرد و نووسی، بە گوێرەی ئەم دەستوورە هیچ لایەن و ڕێکخراو و تاکێکی سیاسی مافی خاوەندارێتی یان بەڕێوەبردنی پێکهاتەی چەکداری لەدەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەتدا نییە پێویستە بە شێوەیەکی یەکسان ئەم بنەمایە هەموو بەشەکانی عێراقدا جێبەجێ بکرێت.
لە کۆتاییدا ئاماژەی بە دوو بژاردە دەکات کە لە ئێستادا لە بەردەم عێراق دایە، ئەویش یان ئەوەتا دەتوانێت لەسەر ڕێگەی سەروەری، سەقامگیری، خۆشگوزەرانی، یەکڕیزی و سەروەری یاسا بەرەو پێشەوە بچێت، یاخوود دەتوانێت لە بازنەی پارچەپارچەبوون و نائارامی بمێنێتەوە.