هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت؟
زیاتر لە 2 مانگە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستیپێکردووەتەوە
زیاتر لە 2 مانگە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستیپێکردووەتەوە و کۆمپانیای سۆمۆ جەخت، لە بەردەوام بوونی پڕۆسەکە و پابەندبوونیان دەکاتەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە کۆمپانیا سۆمۆ لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژە بەوەدەدات، پابەندن بە جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان بەپێی تایبەتمەندی خۆیان بەپێی ئەو رێککەوتنەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان ئەنجامدراوە، هەوڵەکانیان بەردەوامە بۆ گرەنتیکردنی پرۆسەکانی بارکردن و پارێزگاری لە بەردەوامی ناردنی نەوتی خامی هەرێمی کوردستان بەبێ پچڕان، سەرەڕای ئاڵنگارییە لۆجستی و توانا سنوردارەکان و روبەڕی کۆگاکردن لە بەندەری جەیهانی تورکیا.
کۆمپانیای سۆمۆ ڕوونیکردەوە، بەپێی رێککەوتنیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان سەرجەم کۆمپانیا جیهانییەکانی بواری دەرهێنان و بەرهەمهێنان لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان پابەندن بە رادەستکردنی ئەو بڕە نەوتە خامەی بەرهەمیدەهێنن بە کۆمپانیای بە بازاڕکردنی نەوتی عێراق، جگە لەو رێژەیەی دیاریکراوە بۆ بەکارهێنانی ناوخۆی هەرێم.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی کۆمپانیای سۆمۆ پابەندە بە بنەمای شەفافیەت و هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ پارێزگاریکردن لە سەقامگیری پرۆسەی هەناردەکردن و بەرژەوەندی گشتی.
لە 27ـی 9ـی 2025، هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا دەستیپێکردەوە.