پایتەخت

هەواڵگریی عێراق: هیچ هۆشدارییەکمان لەبارەی هەڕەشەی کردەی سەربازیی ئیسرائیل پێنەگەیشتووە

هەواڵگریی عێراق: هیچ هۆشدارییەکمان لەبارەی هەڕەشەی کردەی سەربازیی ئیسرائیل پێنەگەیشتووە
کورتە

دەزگای هەواڵگریی عێراق ڕەتی دەکاتەوە هۆشدارییان لە بارەی مەترسی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر گرووپە چەکدارەکانی وڵاتەکە پێ گەیشتبێت

دەزگای هەواڵگریی عێراق لەسەر هەواڵی مەترسییەکانی هێرشە سەربازییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر گرووپە چەکدارەکانی وڵاتەکە هاتە دەنگ، کە لەلایەن ڕۆژنامەی شەرقولئەوسەتی سعودیی بڵاوکرابوویەوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە دەزگای هەواڵگریی عێراق کۆی زانیاریی ڕۆژنامەی شەرقولئەوسەتی سعودیی لە بارەی مەترسیی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر گرووپە چەکدارەکانی عێراق ڕەت کردەوە و لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەدا، حکومەتی عێراق هیچ نامەیەکی لەم شێوەیەی بەدەست نەگەیشتووە کە باس لە مەترسی کردە سەربازیی لە عێراق بکات، بۆیەش داوای لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن کردووە بۆ ئەو بابەتانەی پەیوەندییان بە ئاسایشی نەتەوەیی عێراقەوە هەیە، بە وریایی و وردییەوە مامەڵە بکەن.

ئەمە لە کاتێکدایە، دوێنێ شەممە ڕۆژنامەی شەرقولئەوسەتی سعودیی لە زاری سەرچاوەیەکەوە بڵاوی کردەوە، وڵاتێکی عەرەبی و دەزگای هەواڵگریی وڵاتێکی ڕۆژئاوا، بەرپرسانی حکومەتی عێراقیان ئاگادارکردووەتەوە کە بەرپرسانی ئیسرائیل باس لەوە دەکەن گڵۆپی سەوزی ئەمریکایان بۆ لێدان لە گرووپە چەکدارەکانی عێراق بەدەستهێناوە و مەترسیی ڕاستەقینە هەیە سەرکردەکانیان، ژێرخانی سەربازیی و داراییان بکرێتە ئامانج.

پێشوتریش مارک ساڤایا، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاندبوو، ئەمریکا دڵنیایی داوە کە نابێت شوێنی هیچ گرووپێکی چەکدار لە دەرەوەی حکومەتی عێرق بوونی هەبێت، سەرکەوتن و سەقامگیری عێراق پەیوەستە بە یەکبوونی هێزی ئاسایش هەیە و لەژێر فەرمانی یەک حکومە، یەک فەرماندەی هێزی سەربازی و لە ژێر یەک ئاڵا کە نوێنەرایتەی عێراق دەکات، بەبێ ئەم یەکگرتووییە، سەروەری و بەرەوپێشچوونی عێراق لەژێر مەرسیدا دەمێنێتەوە.

21 کانونی یەکەم 2025 09:58
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026