پایتەخت

هاوژینی میران بەکر پەیامێکی بڵاو کردەوە

هاوژینی میران بەکر پەیامێکی بڵاو کردەوە
کورتە

ئیڤان خاڵە مامەند، هاوسەری میران بەکر، سکرتێری ڕۆژنامەوانیی وەزیری پێشمەرگە لەدوای ڕفاندنی هاوسەرەکەی لەلایەن هێزێکی یەکێتی نیشتمانی کوردستانەوە لە پەیامێکدا ڕایگەیاند، ئەوەی یەکێتی بەرامبەر ڕۆژنامەنووس میران بەکر کردی بە شێوازی داعشانە تیرۆرکردنی شکۆی مرۆڤ و سەرشۆڕییە.

ئیڤان مامەند هاوسەری میران بەکر دەڵێت، ئەوەی یەکێتی کردی تیرۆرکردنی شکۆی مافی مرۆڤ و سەرشۆڕییە.

ئیڤان خاڵە مامەند لە پۆستێکدا دوای ڕفاندنی میران بەکری هاوسەری بڵاوی کردووەتەوە، ئەوەی لەلایان هێزی یەکیتی نیشتمانی کوردستانەوە بەرامبەر (میران بەکر) سکرتێری ڕۆژنامەوانی وەزیری پێشمەرگە کرا، تەنها ڕفاندنی کەسێک نییە، بەڵکو تیرۆرکردنی شکۆی مرۆڤ و یاسایە لەناو جەرگەی پایتەختدا.

هاوسەری میران بەکر ڕاشیگەیاندووە، ئاخر لۆ لەسەر چی؟ پیاوی کوشتبوو یان سوتاندبووی یاخوود هێرشی کردبوو بەچەک؟ جا بەس مابوو تەیارەی لۆ بنێرن، دەستبەسەرکردنی لە کاتێکدا بوو کە زیاتر لە 7 هەویەی یەکێتی و ڕۆژنامەوانی پێ بوو، ئینجا  کڵاوی ڕەشیان کردووەتە سەری و ڕفاندوویانە بە شێوازی داعشانە.

ئیڤان مامەند دەشڵێت، ئەمە تەنیا لەو دەسەڵاتە بێ متمانانە دەوەشێتەوە، کە لە سێبەری خۆیان دەترسن، ئەوپەڕی سەرشۆڕییە.

سەبارەت بە فەرمانی ڕفاندنی میران بەکری هاوسەری، ئیڤان مامەند ئاماژە بەوەشدەکات، هێزێک بە پارە و چەکی ئەم میلەتە پەروەردە کرابێت کە لەسەر فەرمانێک لە سەرووی خۆیانەوە، بەر بدرێنە گیان و کەرامەتی گەنجی ئەم وڵاتە، ئەگەر وابزانن بەم شێوازە ناشیرین و ترسنۆکانەیە دەمانگەڕێننەوە بۆ سەردەمی بەعس، ئەوا بزانن مێژوو سەلماندوویەتی کە کڵاوی ڕەش و دەمامک، تەنیا ڕووی ئەو ترسنۆکانە دادەپۆشێت کە ناتوانن ڕووبەڕووی حەقیقەت ببنەوە، یاخود لە پێشەوە هێرش بکەن.

لە کۆتاییدا هاوسەری میران بەکر دەڵێ، شەرمەزاری بۆ ئێوە و بۆ ئەو عەقڵییەتەی وا دەزانێت بە ڕفاندن و چەوساندنەوە دەتوانێت حوکمی مرۆڤی کورد بکات، سوپاس بۆ خودای گەورە و باڵادەست کە بە سەلامەتی هاتەوە ناومان، ئەی ئەگەر خوا نەخواستا بەدەردی ئەوانی تر بڕۆشتبا چیدەکرا؟ هیچ!

20 کانونی یەکەم 2025 12:04
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026