سەدان هەزار خێزان بەشێوەی نایاسایی مووچەی چاودێری کۆمەڵایەتی وەردەگرن
لە عێراق زیاتر لە 14 هەزار کەس سەرەڕای ئەوەی باری داراییان باشە، بەڵام مووچەی چاودێری کۆمەڵایەتی وەردەگرن
وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی عێراق ڕایگەیاندووە، نزیکەی 400 هەزار خێزان لە عێراق بە شێوەی نایاسایی مووچەی چاودێری کۆمەڵایەتی وەردەگرن.
حەسەن خەوام گوتەبێژی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی عێراق ڕایگەیاندووە، وەکو یەکەم وەزارەت کارمان لەسەر بە ئەلیکترۆنیکردن کردووە، لەئێستادا تۆڕەکەمان لەگەڵ وەزارەتەکانی خوێندنی باڵا، پەروەردە، تەندروستی (بەشی مردووان) و بانکەکانەوە بەستراوەتەوە و بەم هۆیەوە توانیومانە زیاتر لە 380 هەزار خێزان ئاشکرا بکەن، کە سەرپێچیکارن و بە نایاسایی مووچەی چاودێریی کۆمەڵایەتی وەردەگرن.
حەسەن خەوام ئاماژەی بەوەشکرد، 14 هەزار و 562 کەس لەو بنەماڵانە باری داراییان باشە، بەڵام سەرەڕای ئەوەش هێشتا مووچەی چاودێریی کۆمەڵایەتی وەردەگرن.
ئامارەکانی وەزارەتی کاروکاروباری کۆمەڵایەتی دەریدەخەن، زیاتر لە 380 هەزار خێزانی سەرپێچیکار دۆزراونەتەوە، لە نێویاندا، 8 هەزار و 500 کەس لە کەرتی تایبەت کار دەکەن و دەستەبەری کۆمەڵایەتییان هەیە، هاوکات 6 هەزار و 62 کەس باری داراییان باشە و لە ڕێگەی ژمارە 1080 لەلایەن هاووڵاتییانەوە ئاگادار کراونەتەوە.
لە کۆتاییدا گوتەبێژی وەزارەتی کار جەختی کردەوە، تەواوی ئەو پارانەی بە نایاسایی وەرگیراون، بەپێی یاسای "وەرگرتنەوەی قەرزەکانی حکومەت" لەو کەسانە وەردەگیرێتەوە.