پایتەخت

ئەمریكا زیاتر لە 70 پێگەی لە سووریا بۆردوومان كرد

ئەمریكا زیاتر لە 70 پێگەی لە سووریا بۆردوومان كرد
کورتە

وەزیری جەنگی ئەمریکا دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی بۆ سەر سووریا ڕاگەیاند

ئەمریکا دەستی بە هێرشکردنە سەر پێگەکانی داعش لە سووریا کرد و 100 جۆر چەکی تێدا بەکار هێناوە.

ئەمڕۆ شەممە ئاژانسی ڕۆیتەرز ڕایگەیاند، وەک کاردانەوەیەک بۆ ئەو هێرشەی کە چەند رۆژێک پێشتر هێزەکانی ئەمریکای لە سووریا كردە ئامانج، ئەمریکا لە زنجیرە هێرشێكی چڕدا بۆ سەر داعش لەو وڵاتە، زیاتر لە 100 بۆمب و مووشەکیان بە ئاراستەی پێگەکانی داعش هەڵداوە.

هەر لەم بارەیەوە، پیت هێگسێت، وەزیری جەنگی ئەمریکا لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ڕایگەیاند، هێزەکانی وڵاتەکەی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی بەرفراوانیان لە سووریا دەستپێکردووە کە 70 ئامانجی داعش و 100 جۆر چەکی تێیدا بەکارهێناوە.

 ئەم ئۆپەراسیۆنە ناوی کۆدی "چاوی باز" (Hawk Eye)ی لێنراوە، وەزیری جەنگی ئەمریکا جەختی کردەوە ئەم هەنگاوە وەک "دەستپێکی شەڕ" نابینرێت، بەڵکو پەیامێکی ڕوونی "تۆڵەسەندنەوەیە" لە بەرامبەر هێرشەکانی ئەم دواییەی سەر هێزەکانی ئەمریکا.

5 ڕۆژ لەمەوبەر دوو سەربازی ئەمریکی و وەرگێڕێکی مەدەنی لە شارۆچکەی پالمیرە لە ناوەڕاستی سووریا لەلایەن هێرشبەرێکەوە کوژران، کە کاروانێکی هێزەکانی ئەمریکا و سووریای کردە ئامانج، سێ سەربازی دیکەی ئەمریکی لەو هێرشەدا بریندار بوون، دواتریش دەرکەوت کە هێرشبەرەکە داعش بووە.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی دەرەوەی سووریا، وڵاتەکە پابەندبوونی خۆی بۆ شەڕکردن لە دژی داعش دووپات دەکاتەوە و دڵنیایی دەدات لەوەی کە هیچ پەناگەیەکی "سەلامەت" بۆ داعش لەسەر خاکی سووریا نییە.

لە ئێستادا نزیکەی 1000 سەربازی ئەمریکی هێشتا لە سووریا ماون.

20 کانونی یەکەم 2025 09:00
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026