وادەی ڕاگەیاندنی دراوە نوێکەی سووریا ئاشکرا کرا
میدیای سووریا ڕایگەیاندووە، لە 4ـی مانگی داهاتووی ساڵی 2026 کار بە دراوە تازەکەی وڵاتەکە دەکرێت
میدیا سوورییەکان وادەی کارپێکردنی دراوی نوێی سووریایان ئاشکرا کرد و بەهای دراوە نوێیەکە بەرز تر دەبێت لەوەی پێشووتر.
ماڵپەڕی 'صوت العاصمة'ـی ڕایگەیاند، سەرچاوە ئابوورییەکان باس لە دەرچوونی دراوی نوێی سووریا دەکەن، کە لە 27ـی ئەم مانگە تا 2ـی مانگی داهاتوو سەرجەم بانکە حکومی و ناحکومییەکان بۆ تەواوکردنی پرۆسەی گۆڕینی دراو دادەخرێن، دواتر لە 4ـی مانگی یەکی 2026 ـەوە دراوە تازەکە لە بازاڕدا دەبێت و کاری پێدەکرێت.
هەر بەگوێرەی زانیاری میدیا سوورییەکان، وەک هەوڵێک بۆ گەڕانەوەی بەها بۆ دراوی سووریا، دراوی نوێی سووریا دوو سفری لادەبرێت، کە ئێستا یەک دۆلاری ئەمریکی بە زیاتر لە 17 هەزار لیرە ئاڵوگۆڕی پێدەکرێت، ئەگەر دوو سفری لاببرێت دۆلارێک بەرامبەر 170 لیرەی سووری دەبێت.
پێشووتر حکومەتی کاتی سووریا لەگەڵ دامەزراوەی "گۆسناکی ڕووسی" ڕێککەوتنی بۆ چاپکردنی دراوی نوێی وڵاتەکەی کردبوو، بەڵام بەهۆی ئەوەی ئەم دامەزراوەیە لەلایەن دەوڵەتەوە خاوەندارییەتی دەکرێت، لەلایەن ئەمریکا و ڕۆژئاواوە خراوەتە لیستی سزاکانەوە.