لە بازگەی سنووری کۆیە ڕێگری لە چەند بەرپرسێکی پارتی کرا
لەسەر ڕێگریکردن لە چەند بەرپرسێکی پارتی لە بازگەی سنووری کۆیە، بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاسایش/هەولێر ڕوونکردەوە دەدات
لە بازگەی سنووری کۆیە ڕێگری لە چەند بەرپرسێکی پارتی و پاسەوانەکانیان کرا بۆ ئەوەی نەچنە شاری سلێمانی، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایشی هەولێر داوای لێپێچینەوە دەکات.
ئەمڕۆ دووشەممە گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایشی هەولێر لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای دەکات، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ لە بازگەی سنووری کۆیە لە لایەن هێزەکانی ئاسایشی سەر بەو بازگەیەوە، ڕێگری لە چەند بەرپرسێکی پارتی و پاسەوانەکانیان کرا کە بەرەو سلێمانی بچن و پێیان گووترا کە بەبێ هەماهەنگیی پێشوەختە ناتوانن بچنە سنووری سلێمانی.
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایشی هەولێر جەخت لەوەدەکاتەوە، ئەمە جێگەی سەرسووڕمان بوو، چونکە هاتوچۆ بۆ هاووڵاتییان لە سەرانسەری هەرێم ئازادە و هەموو پاسەوانەکانیش مۆڵەتی چەک هەڵگرتنیان هەیە، لە بەرامبەر ئەو کردارەدا ڕێکارەکان لە بازگەکان توند کرا و هاتوچۆکان سنووردار کران.
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایشی هەولێرباسی لەوەکرد، دوای ئەوەی ڕوونکردنەوە درا کە ئەوەی ڕوویداوە هەڵەیەک بووە و بە مەبەست نەبووە دۆخی بازگەکان ئاسایی بوویەوە.
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایشی هەولێر داوا دەکات، ئەم ڕووداوانە دووبارە نەبنەوە و لێپێچینەوەش لەگەڵ ئەو کەسانە بکرێت کە ئەو دۆخەیان دروست کرد.