کۆمپانیای DNO هەشت بیری دیکە لە کێڵگەی نەوتی تاوکێ لێدەدات
کۆمپانیای DNO چالاکییەکانی لە هەرێمی کوردستان فراوانتر دەکات و دەست بە هەڵکەندن لە کێڵگە سەرەکییەکەی تاوکی دەکاتەوە
کێڵگەی نەوتی تاوکێ لە پارێزگای دهۆک بە یەکێک لە بەهێزترین سەرچاوەکانی نەوت لە هەرێمی کوردستان دێتە ئەژمار و بڕیارە کۆمپانیای وەبەرهێنەری نەوت و گازی DNOـی نەرویجی هەشت بیری دیکەی نەوت لەو کێڵگەیە لێبدات.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، کۆمپانیای دی ئێن ئۆی نەرویجی بڵاویکردەوە، دوای دوو ساڵ و نیو لە ڕاگیرانی کاری هەڵکەندن لە کێڵگەی نەوتی تاوکێ، بڕیارە هەفتەی داهاتوو دەست بە هەڵکەندنی هەشت بیری نەوتی نوێ لە کێڵگەکە بکەین و ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی کێڵگەی تاوکێ زیاتر بکەین.
کۆمپانیا نەرویجییەکە ئەوەشی ئاشکرا کردووە، هەڵکەندنی ئەو هەشت بیرە لە ساڵی 2026 تەواو دەبێت و توانای بەرهەمهێنان لەو کێڵگەیە بە ڕێژەی %25 زیاد دەکات، کە بە مانای بەرهەمهێنانی ڕۆژانە 100 هەزار بەرمیل نەوتی زیاتر دێت.
کۆمپانیاکە ڕاشیگەیاندووە، لەئێستادا دوو حەفارەی گەورە و تایبەتی کۆمپانیای دی ئێن ئۆ جووڵەیان پێکراوە بۆ دەستپێکردنەوەی پرۆسەی هەڵکەندنی ئەو هەشت بیرە نەوتەی بڕیاری لێدراوە.