پایتەخت

بە فەرمانی مەسرور بارزانی قوتابخانە زیانلێکەوتووەکانی چەمچەماڵ نۆژەن دەکرێنەوە

بە فەرمانی مەسرور بارزانی قوتابخانە زیانلێکەوتووەکانی چەمچەماڵ نۆژەن دەکرێنەوە
کورتە

بە بڕیاری سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی سەرجەم ئەو قوتابخانانەی لە چەمچەماڵ زیانیان پێگەیشتووە، نۆژەن دەکرێنەوە

وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، بە فەرمانی سەرۆکوەزیرانی حکومەتی هەرێم قوتابخانە زیانلێکەوتووەکانی چەمچەماڵ نۆژەن دەکرێنەوە، هاوکات تاقیکردنەوەکانی ئەو سنوورەش مانگی داهاتوو ئەنجام دەدرێت.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، دکتۆر ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە مەبەستی سەردانکردنی قوتابخانە زیانلێکەوتووەکان، سەردانی قەزای چەمچەماڵی کرد و کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیی بەڕێوەبرد.

وەزیری پەروەردە لەو کۆنفرانسەدا ئاشکرای کرد، بە بڕیاری سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و دوای کۆبوونەوە لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی چەمچەماڵ، سێ بڕیاریان بۆ چارەسەرکردنی دۆخی ئێستا داوە.

وەزیری پەروەردە ڕایگەیاند، بە فەرمانی سەرۆکوەزیران، تیمە ئەندازیارییەکانی پەروەردەی گشتیی سلێمانی گەیشتوونەتە چەمچەماڵ بۆ دەرخستەی زیانەکان، هاوکات بڕیاردراوە بودجەی پێویست بدرێتە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پەروەردەی سلێمانی و لە هەفتەی ئایندەوە پرۆسەی نۆژەنکردنەوەی سەرجەم ئەو قوتابخانانە کە لە لافاوەکەدا زیانیان بەرکەوتووە دەستپێبکات.

هەر لە کۆنفرانسەکەدا دکتۆر ئالان حەمە سەعید ئاماژەی بەوەشکرد، بڕیاردراوە سەرجەم ئەو کەلوپەل و پێداویستییە پەروەردەییانەی لەناو قوتابخانەکاندا بەهۆی ئاو و لافاوەوە لەناوچوون، لەلایەن وەزارەتەوە بە زووترین کات دابین بکرێنەوە بۆ ئەوەی پەککەوتن لە پرۆسەی خوێندندا دروست نەبێت.

لەبارەی تاقیکردنەوەکانی کۆتایی وەرزی یەکەم، وەزیری پەروەردە ڕایگەیاند، نزیکەی 40 قوتابخانە زیانیان بەرکەوتووە یان ڕێگەوبانیان گیراوە، بۆیە دەسەڵات دراوە بە پەروەردەی گشتیی سلێمانی کە خشتەی تاقیکردنەوەکانی ئەو قوتابخانانە دەستکاری بکەن و بیخەنە مانگی یەک (کانوونی دووەم)، تاوەکو قوتابییان بە دەرونییەکی ئارامەوە بچنە هۆڵەکانی تاقیکردنەوە.

11 کانونی یەکەم 2025 12:50
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026