کاروان میراودەلی: تیمەکانی ڕزگارکردنمان بۆ هەر حاڵەتێکی نەخوازراو ئامادەن
تیمەکانی بەرگری شارستانی لەسەرجەم شارەکان لە حاڵەتی ئامادەباشیدان بۆ هەر حاڵەتێکی نەخوازراو
شەپۆلێکی بارانبارین ڕووی لە ناوچە جیا جیاکانی هەرێمی کوردستانی کردووە، تیمەکانی بەرگری شارستانی لەسەرجەم شارەکان لە حاڵەتی ئامادەباشیدان بۆ هەر حاڵەتێکی نەخوازراو.
ئەمڕۆ یەکشەممە کاروان میراودەلی، بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی سۆران بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، بەهۆی ئەم شەپۆلی بارانبارینە لە پێناو سەلامەتی هاووڵاتییان بەدرێژایی ئەم هەفتەیە تیمەکانیانی ڕزگارکردنییان ئامادەن، بەهیوان ئەم شەپۆلی بارانبارینە بەبێ زیان بێت.
بەگووتەی کاروان میراودەلی، سەلامەتی هاووڵاتییان کاری لە پێشینەی ئەوانە، ئەگەر گەشتکردن زۆر زەروور نەبێت ئەنجام نەدرێت، داوایەک ئاڕاستەی هاووڵاتییان دەکات، کە نزیک نەبنەوە لە دەم ئاوەکان و نەچنە سەر شاخەکان.
بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی سۆران باس لەوەش دەکات، هاووڵاتییان جانتای پێویست و فریاگوزاری بەڵگە گرنگەکان لە شوێنێکی بەرزی نێو ماڵەکانییان دابنێنن، هەر کاتێکش لافاو درووست بوو بچنە شوێنە بەرزەکان.