وەزارەتی دارایی: کرێی وانەبێژی مامۆستایان زیاد دەکرێت
دوای وەرگرتنی ڕەزامەندی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بۆ زیادکردنی کرێی وانەبێژی مامۆستایان، وەزارەتی دارایی رێنمایی زیادكردنی كرێی وانەبێژی بـۆ مامۆستاینی گرێبەست و هەمیشەیی بڵاوکردەوە
وەزارەتی دارایی رێنمایی زیادكردنی كرێی وانەبێژی بـۆ مامۆستاینی گرێبەست و هەمیشەیی بڵاوکردەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم ڕێنمایی دارایی ژمارە ( 17) ی ساڵی / 2025 تایبەت بە زیادکرنی کرێی وانەبێژی بۆ مامۆستایانی گرێبەست و هەمیشەیی لەسەر میلاکی وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، پاڵپشت بە بڕگەی یەکەم لە کۆنووسی لێژنەی دەرکردن و پێداچوونە بە ڕێنماییە داراییەکان کە ژمارە 147 لە 18-11-2025 تایبەت بە هەموارکردنەوەی بڕگەی (یەکەم)ـی ڕێنماییەکان ژمارە 19ـی ساڵی 2017 بڕیاردرا:
یەکەم: کرێی وانەبێژی ئەو مامۆستایانەی کە لە سەر میلاکی وەزارەتی پەروەردەن بە (هەمیشەیی و گرێبەست) بۆ هەر وانەیەک بڕی 4000 دینار خەرج دەکرێت بە مەرجێک (نسابی) وانە وتنەوەی خۆی تەواو بکات بە پێی (سیستەمی قوتابخانە بنەڕەتییەکان و خوێندنگە ئامادەییەکانی ساڵی 2009.)
دووەم: ئەم ڕێنماییە لە سەرەتای ساڵی نوێی خوێندنی 2025-2026 جێبەجێ دەکرێت و لە ڕۆژنامەی فەرمی (وەقایعی کوردستان) بڵاودەکرێتەوە.
ئەمە لە کاتێکدایە، لە ڕێککەوتی 1-12-2025، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ڕەزامەندای دا بە زیادکردنی کرێی وانەبێژیی لە 2000 دینارەوە بۆ 4000 هەزار دینار بۆ هەر وانەیەک بۆ ئەو مامۆستایانەی میلاک و گرێبەستن، کە لەسەروو وانەی یاسایی خۆیانەوە بەردەوامن لە وانە وتنەوە، واتا لەسەروو 24 بەشەوانەی قۆناغی بنەڕەتی و 22 بەشەوانەی قۆناغی ئامادەیی وانەیان هەیە.