ISW: مالیکی بەڵێنی هەڵوەشاندنەوەی گرووپە چەکدارەکانی داوە
پەیمانگای لێکۆڵینەوەی جەنگی ئەمریکی راپۆرتێکی لەسەر مالیکی بڵاوکردووەتەوە و نووسینگەی مالیکیش راپۆرتەکە ڕەت دەکاتەوە
راپۆرتێکی پەیمانگای لێکۆڵینەوەی جەنگی ئەمریکی (ISW) ئەوەی ئاشکرا کردووە، کە مالیکی لە بەرامبەر وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆکوەزیران، بەڵێنی هەڵوەشاندنەوەی گرووپە چەکدارەکانی بە ئەمریکا داوە.
بە گوێرەی راپۆرتێکی پەیمانگای لێکۆڵینەوەی جەنگی ئەمریکی (ISW)، ئەگەر بێت و لە قۆناغی داهاتوودا پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق بە نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بدرێتەوە، ناوبراو پەیامێکی ئاڕاستەی ئیدارەی ئەمریکا کردووە و تێیدا بۆ هەڵوەشاندنەوەی بەشێک لەو گرووپە چەکدارانەی لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن ئامادەیی خۆی نیشانداوە.
لەلایەکی دیکەوە، هیشام ڕوکابی، بەڕێوەبەری نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لەسەر ڕاپۆرتەکە هاتە دەنگ و ناوەرۆکەکەی ڕەتکردەوە و لە پلاتفۆڕمی ئێکس ڕایگەیاند، ئەم بانگەشانە دوورن لە ڕاستییەوە و هیچ بنەمایەکیان نییە و هەوڵێکە بۆ تێکەڵکردنی بابەتەکان و شێواندنی دۆخەکە.
هاوکات هەر بە گوێرەی راپۆرتەکەی پەیمانگای لێکۆڵینەوەی جەنگی ئەمریکی، ململانێکان لە نێوان هێزە شیعەکان بۆ بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆکوەزیران تووندبووەتەوە و فشاری نێودەوڵەتی و هەرێمیش بۆ کەمکردنەوە و لاوازکردنی هەژموونی ئەو گرووپە چەکدارانەی کە لە دەرەوەی دامەزراوە سەربازییە فەرمییەکانن تادێت چڕدەبێتەوە.