وەزارەتی ئەوقاف: ئیدانەی کاری تێکدەرانەی شکاندنی ژمارەیەک کێل و قەبری کریستیانەکان دەکەین
وەزارەتی ئەوقاف لەسەر تێکدان و شێواندنی ژمار قەبری کریستیانەکان لە کۆیە هاتە دەنگ
دوای ئەوەی لەلایەن چەند کەسێکەوە ژمارەیەک کێل و قەبری کریستیانەکان لە شاری کۆیە دەشکێندرێت، وەزارەتی ئەوقاف ئیدانەی ئەم کردارە دەکات.
ئەمڕۆ پێنجشەممە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا جەخت لەوەدەکاتەوە، شەوی ڕابردوو لەلایەن کەسانی گێرەشێوێن لە شاری کۆیە و گۆڕستانی کریستییانەکان، ژمارەیەک کێل و قەبری کریستییانەکان شکێندراون، ئەوان لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی ئیدانەی ئەم کارە تێکدەرانە دەکەن کە دژی مێژووی ھاوبەش و پێکەوەژیانی ئایینییە.
وەزارەتی ئەوقاف داوا لەدەزگا و لایەنە پەیوەندیدارەکانی قەزای کۆیە دەکات، بەدواداچوون بکرێت و بکەرانی ئەم کارە دەستنیشان بکەن و دواتر ڕووبەڕووی دادگە بکرێنەوە.
لە کۆتایی راگەیەندراوی وەزارەتی ئەوقاف کەسوکاری کۆچکردووان دڵنیا دەکاتەوە، کە وەزارەتیان ھەموو گۆرەکان وەک خۆی نۆژەندەکاتەوە.