117 ملیار دینار بۆ تەواوکردنی دووسایدی هەولێر-کۆیە تەرخان کرا
بۆ تەواوکردنی دووسایدی هەولێر-کۆیە زیاتر لە 100 ملیارن دینار بە بڕیاری سەرۆکوەزیرانی هەرێم تەرخانکرا
بە بڕیاری سەرۆکوەزیرانی هەرێم 117 ملیار دینار بۆ تەواوکردنی دووسایدی هەولێر-کۆیە تەرخان کرا
لە درێژەی کار و پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ڕەزامەندیی دا لەسەر تەرخانکردنی گوژمەیەک بۆ تەواوکردنی بەشی کۆتایی کارەکانی ڕێگای دوو سایدی هەولێر – کۆیە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر بڵاویکردەوە، بە ڕەزامەندیی ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیار درا بە تەرخانکردنی گوژمەی (117 ملیار دینار) بۆ جێبەجێکردنی 8 کیلۆمەتری بەشی کۆتایی پڕۆژەی دووسایدی هەولێر – کۆیە.
ئومێد خۆشناو ئەوەشی ڕاگەیاند، بە جێبەجێكردنی ئەم قۆناغە ڕێگاکە دەگاتە ناوشاری کۆیە و دەبەسترێتەوە بە شەقامی 60 مەتریی شارەكە کە بڕیارە لە داهاتوودا دروست بکرێت.
پارێزگاری هەولێر ئەوەشی خستەڕوو، ئەم بەشەی ڕێگاکە کە تەواوکاریی ڕێگای هەولێر - کۆیە بەرەو سلێمانی دەبێت، بە هەمان ڕەوش و پێوەری بەرزی ئەندازیاری جێبەجێ دەکرێت، بەجۆرێک هەر سایدێکی سێ لاین دەبێت و بۆ ئاسانکاریی هاتووچۆی هاووڵاتیانیش چەندین بەرزەپرد لەخۆ دەگرێت.