پایتەخت

نەمانزانی دەوڵەت باخچەلی هێشتان گورگە بۆرەکەی جارانە لە پێستی مەڕدا

نەمانزانی دەوڵەت باخچەلی هێشتان گورگە بۆرەکەی جارانە لە پێستی مەڕدا
کورتە

بارەگای بارزانی پەیامێکی تووندی لە دژی قسەکانی دەوڵەت باخچەلی بڵاو کردەوە

دوابەدوای سەردانەکەی سەرۆک بارزانی بۆ جزیری، گوتەبێژی بارەگای بارزانی وەڵامی تووندی لێدوانەکەی دەوڵەت باخچەلی دەداتەوە.

 

ئەمڕۆ سێشەممە گوتەبێژی بارەگای بارزانی لە ڕاگەیەندراوێکدا جەخت لەوەدەکاتەوە، بەداخەوە دەوڵەت باخچەلی لەسەر سەردانەکەی سەرۆک بارزانی بۆ جزیرێ و بەشداری لە سیمپۆزیەمی مەلای جزیری دیسان بەپێی عەقڵیەتی شۆڤینی دواوە و لێدوانی داوە کە دوورە لە هەموو عورفێک و خزمەتی هیچ لایەک ناکات.

 

گوتەبێژی بارەگای بارزانی ئاماژەی بەوەکرد، قسەکانی باخچەلی لەحاڵیکدایە کە هەموو ئەو وردەکارییە ئەمنی و ئەو ڕێوشوێنەی بۆ سەردانی سەرۆک بارزانی گیرابووەبەر بەپێی تەوافوقێکی پڕۆتۆکۆلی بووە لە نێوان دەزگا پەیوەندیدارەکانی هەرێم و تورکیا. 

 

لە بەشێکی قسەکانی گوتەبێژی بارەگای بارزانی هاتووە، هەمووجارێک لەکاتی سەردانی بەرپرسە پلە بەرزەکانی تورکیا بۆ هەرێم یەکە سەربازییە تایبەتەکانی تورکیا لەگەڵیاندا هاتوون و هیچ گرفتێک ڕووینەداوە.

 

گوتەبێژی بارەگای بارزانی دەڵێت: "سەردانەکەی سەرۆک بارزانی پشتیوانیی بوو بۆ پڕۆسەی ئاشتی، ئێمە وامان دەزانی کە خودا دەوڵەت باخچەلی هیدایەت کردووە و  وازی لە ڕەگەزپەرستی و شۆڤینیەت هێناوە، بەڵام دیارە کە هێشتا گورگە بۆرەکەی جارانە ئێستا لە پێستی مەڕدا".

02 کانونی یەکەم 2025 17:30
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026