بەرد مەگرنە ماڵی کەس چونکە ماڵتان لە شوشەیە
لقی دووی پارتی دیموکراتی کوردستان وەڵامی مەڵبەندی سێی یەکێتی دەداتەوە
لقی دووی پارتی دیموکراتی کوردستان وەڵامی مەڵبەندی سێی یەکێتی دەداتەوە و دەڵێت: " ئەو فیتنە و ئاژاوەگێڕییەی کەناڵەکانتان دەیکەن بۆ تەقاندنەوەی کێڵگەی غازی کۆرمۆر چ مانایەکی هەیە".
دەقی ڕاگەیەندراوەکەی لقی دووت پارتی دیموکراتی کوردستان:
بۆ مەڵبەندی سێی یەکێتی:
بەرد مەگرنە ماڵی کەس چونکە ماڵتان لە شوشەیە
ئەوەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوو ڕوویدا لە هێرشکردنە سەر کێلگەی کۆرمۆر کە بووە وەستانی کارەبا بۆ چەند ڕۆژێک و پاشان پەلاماردانی پاڵاوگەی لاناز، هەوڵێکی دوژمنکارانەیە لۆ لێدان لە ژێرخانی ئابووری هەرێمی کوردستان و بەئامانجگرتنی بۆ ئەوەی ببێتە فشار لە سەر حکومەتی هەرێمی کوردستان و زیان بەخەڵکی کوردستان و دامەزراوەکان بگەینن لە پێناوی تاکە ئافەرینێکی هاوئاواز و هاوپەیمانەکانیان کە ئامانجیان نەمانی کوردستان و تێکدانی سەقامگیرییەکەیەتی
ئەوڕۆ بەداخەوە نووسینێک بە دەست و خەتێکی پڕ لە قین و دوژمنکارانە لەلایەن مەڵبەندی هەولێری یەکێتی بڵاوکرایەوە و وەک ئەوەی هەنگوینییان لە دار دۆزیبێتەوە دەیانەوێت شکستییان لە دوایین هەڵبژاردن لە هەولێر بە ناوهێنانی پارتی و دامەزراوەکانی حکومەت لە بیر خەڵک ببەنەوە دیارە وەک قوباد تاڵەبانی گووتەنی هێشتا (لە جەوی هەڵبژاردن ماون)
بەڵام مەڵبەندی یەکێتی دەبێت ئەوەی لەبیر بێت کاتێک بە بڕیاری سەرۆکی حزبەکەی دەبابە و کۆپتەر و چەکی قوڕس لە شەقامەکانی شاری ئازیزی سلێمانی خرانە بەرژەوەندی کەسی و یەکلاییکردنەوەی هەژموونی دوو ئامۆزا ئەوەشیان ئازادی بوو؟!
ئەی کاتێک گەنجانی خێرلەخۆنەدیوی حزبەکەی خۆیان خەڵتانی خوێن کرد و قەتل و عامیان لە لالەزار بەرپاکرد ئەوکات ڕەچاوکردنی بنەماکانی مافی مرۆڤ بوو؟!
ئەی ئێستا کە سێ سەرۆکی حزبی ئۆپۆزیسیۆنتان لە زیندانەکانی سلێمانی ئاخنیوە، ئەوەیان ناوی چی لێ دەنێن
ئەی ئەو فیتنە و ئاژاوەگێڕییەی کەناڵەکانتان دەیکەن بۆ نەمانی کارەبا و تەقاندنەوەی کێڵگەی غازی کۆرمۆر و بەئامانجگرتنی ژێرخانی ئابووری هەرێمەکەمان چ مانایەکی هەیە ئەو دڵخۆشیەتان لەپای چی ؟!
بۆیە واباشترە ئیتر مەڵبەندی یەکێتی و کەناڵ و سێبەر و دەست و پێوەندەکانیان بێ دەنگ بن و دڵنیابن ئەو فیتنە و ئاژاوەگێڕییەی هەردوو برا سەرکردەکانتان دەیکەن جگە لە نەمانی متمانە لای خەڵکی کوردستان هیچ سوودێکی تری نیە و مێژوو شاهێدە و چەند ڕۆژێکە ئەنجامی هەڵبژاردنتان بینیوە و خەڵکی کوردستان هۆشیارە
بۆیە وا باشترە کە ماڵتان لە شوشەیە،بەرد لە ماڵی کەسی تر نەگرن
لقی دووی
پارتی دیموکراتی کوردستان
١ـی١٢ـی٢٠٢٥