ڕۆژانه له تاران 44 كه‌س به‌هۆی پیسی هه‌واوه گیان له‌ده‌ست ده‌دات
کەشوهەوای ئێران هێندە پیس بووە، نزیكه‌ی 400 كه‌س تەنیا لە تاران گیانیان لەدەستداوە
پیسبوونی كه‌شوهه‌وای تاران چووه‌ته قۆناغێكی نوێ و مه‌ترسیداره‌وه و له‌ئێستادا له هه‌ر ڕۆژێكدا و ته‌نیا له‌ماوه‌ی 24 كاتژمێردا 44 كه‌س به‌هۆی پیسی هه‌واوه گیان له‌ده‌ست ده‌دات.
ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه به‌شی فریاكه‌وتنی تاران بڵاویكرده‌وه، له‌ماوه‌ی ئه‌و هه‌فته‌یه‌دا نزیكه‌ی 400 كه‌س به‌هۆی پیسبوونی كه‌شوهه‌وای تارانه‌وه گیانیان له‌ده‌ست داوه و به‌دیاریكراوی له هه‌ر ڕۆژێكدا زیاتر له 44 هاووڵاتی دانیشتووی تاران له ئه‌نجامی پیسی هه‌واكه‌وه تووشی ته‌نگه‌نه‌فه‌سی هاتوون و دواتر گیانیان له‌ده‌ست داوه.
له بڵاوكراوه‌كه‌ی به‌شی فریاكه‌وتنی تاران ئه‌وه‌ش ئاشكرا كراوه، هه‌ر له‌ماوه‌ی ئه‌و هه‌فته‌یه‌دا نزیكه‌ی 60 هه‌زار په‌یوه‌ندی فریاگوزاری بۆ پرسی ته‌نگه نه‌فه‌سی و تێكچوونی ته‌ندروستی دانیشتووانی تاران به‌ده‌ستمان گه‌یشتووه و كۆی تیمه‌كانمان له حاڵه‌تی ئاماده باشیدان.
ئه‌مه له‌كاتێكدایه، به‌پێی دوایین داتای جیهانی كه له چه‌ند رۆژی رابردوو بڵاوكراوه‌ته‌وه تارانی پایته‌خت یه‌كێكه له پیستترین شاره‌كانی جیهان و به‌گوێره‌ی ڕیزبه‌ندییه‌كه بێت دووه‌م پیسترین شاره له جیهان.