تەرمی گەنجێکی کورد لە ئیتاڵیاوە گەڕێندرایەوە کوردستان
گەنجێکی کورد لە ڕێگەی قاچاخی بۆ ئەوروپا، لە ڕێگە زەبر بەر سەری کەوتبوو و دواتر لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا بوو، ئەمڕۆ تەرمەکەی گەڕێندرایەوە کوردستان
لە ماوەی تەنیا دوو ڕۆژدا تەرمی دوو گەنجی کورد دوای گیان لەدەستدانیان لە ڕێگەی قاچاخی ئەوروپا، گەڕێندراونەتەوە کوردستان.
ئەمڕۆ یەکشەممە فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان تەرمی گەنجێکی دیکەی بە ناوی "رۆژ ئەحمەد" گەڕاندەوە کوردستان، کە خەڵکی قەزای رانیەی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕینە.
رۆژ ئەحمەد پێشتر لە مانگی تەممووزی 2025 بەرەو تونس بەڕێکەوتبوو، ویستبووی 29ـی هەمان مانگ لە رێگەی دەریاوە بپەڕێتەوە ئیتاڵیا، بەڵام لەنێو بەلەمەکەدا بەربووەتەوە و زەبر بەر سەری کەوتووە، بەمەش تووشی خوێنبەربوون بووە و دواتر لە نەخۆشخانە گیانی لەدەست داوە.
ئەمە لە کاتێکدایە هەر دوێنێ شەممە، تەرمی گەنجێکی دیکەی کورد بە ناوی هەردی کارۆخ، گەڕێندرایەوە کوردستان، کە پار ساڵ لە کەنارەوەکانی ئیتاڵیا خنکا.