پایتەخت

له‌ چه‌ند كاتژمێری داهاتوو كاره‌با ده‌گه‌ڕێته‌وه‌

له‌ چه‌ند كاتژمێری داهاتوو كاره‌با ده‌گه‌ڕێته‌وه‌
کورتە

مه‌سرور بارزانی مووژده‌ی گه‌رانه‌وه‌ و هاتنه‌وه‌ی كاره‌بای له‌ چه‌ند كاتژمێری داهاتوو ڕاگه‌یاند

 

دوای پچڕانی كاره‌بای سه‌رتاسه‌ری له‌ هه‌رێمی كوردستان مه‌سرور بارزانی په‌یامێكی بڵاوكرده‌وه‌ و سوپاسی خۆڕاگری و پشوودرێژی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستانی كرد و مووژده‌ی گه‌رانه‌وه‌ و هاتنه‌وه‌ی كاره‌بای له‌ چه‌ند كاتژمێری داهاتوو ڕاگه‌یاند.

 

ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان بڵاویكرده‌وه‌، سوپاسی خەڵکی کوردستان دەکەم بۆ پشوودرێژی و خۆڕاگرییان کە لە دوای هێرشە تیرۆریستییەکەی چەند رۆژی ڕابردوو بۆ سەر ژێرخانی گازی هەرێمی کوردستان، تووشی کەمیی کارەبا بوونەوە. خەڵکی نیشتیمانپەروەری کوردستان بەگشتی ئەم هێرشەیان شەرمەزار کرد کە دژی بەرژەوەندیی هەموو هاووڵاتییان بوو و بووە هۆی بڕینی کارەبای ملیۆنان کەس لە هەرێمی کوردستان و عێراقدا.

 

سه‌رۆكوه‌زیران له‌باره‌ی چاره‌سه‌ر كردنی كێشه‌ی كاره‌با نووسیویه‌تی، ئەمڕۆ لەدوای ئامادەکارییە تەکنیکییەکان، لەگەڵ کۆمپانیای دانا گاز گەیشتینە ڕێککەوتن بۆ دووبارە دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنان و گەڕاندنەوەی کارەبا لە چەند کاتژمێری داهاتوودا. لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی کۆمپانیاکە قسەم کرد و سوپاسی بەڕێوەبەرایەتی و گشت کارمەندەکانم کرد بۆ خۆڕاگری و ئیرادەی بەهێزیان. ئەمە یازدەمین هێرشە بۆ سەر کێڵگەکە و ئامادەیی ئەوانیش بۆ بەردەوامبوون لەسەر کارەکەیان، نیشاندەری خۆڕاگرییانە. دڵنیاشم کردنەوە کە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ، هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ کۆتاییهێنان بە هێرشە تیرۆریستییەکان و بەسزاگەیاندنی ئەنجامدەرانی هێرشەکە و ڕێگەگرتن لە دووبارەبوونەوەی لە داهاتوودا. لە هەمان کاتدا لەگەڵ هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانمان کار دەکەین لە پێناو دابینکردنی پێداویستییەکانی پاراستنی گەلەکەمان و ژێرخانی ئابووری و وەبەرهێنانمان. ئەم هێرشە نابێت بەبێ لێپرسینەوە تێپەڕێت و نابێت هێرشەکان ببنە ڕووداوی ئاسایی.

 

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی په‌یامه‌كه‌ی سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی هاتووه‌، دیار بوو کە دوژمن و ناحەزان و بەکرێگیراوەکانیان چاویان بە پێشکەوتنی کوردستان و ئاسوودەبوونی خەڵک هەڵنایەت و بە شێوەیەکی ترسنۆکانە و نامەردانە، ئەم هێرشەیان کرد و دژی ڕووناکی وەستانەوە و هەوڵیان دا تاریکی بگەڕێننەوە. لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ بەڕێز محەممەد شیاع سوودانی باسمان کردووە کە دەبێت ئەنجامدەرانی ئەم هێرشە هەر لایەن و گروپێک بن و لە هەر کوێ بن لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت و ڕادەستی یاسا بکرێن. ئەوە تاکە ڕێگرییە و چاوەڕوانین ڕێوشوێنی جیددی و کردارەکی بگیرێتەبەر. چونکە عێراق ناتوانێت وەبەرهێنانی بیانی بۆ خۆی ڕابکێشێت لە کاتێکدا میلیشیا و گرووپە چەکدارییە لە یاسا دەرچووەکان و مافیا گەندەلەکان بە بێ هیچ سزا و لێپێچینەوەیەک، هێرش بکەنە سەر ژيرخانی ئابووری وڵات و دڵیان بە ئازاری خەڵکی کوردستان خۆش بکەن.

 

له‌ كۆتاییدا سه‌رۆكوه‌زیران دڵنیایی ده‌دات و ده‌ڵێت: "دووپاتی دەکەینەوە، ئەم هێرشە ترسنۆکانە لە باشترکردنی ژیانی هاووڵاتیان نامانوەستێنن. ئێمە بەردەوام دەبین لە کارکردن و درێژەدان بە کاروانی پێشکەوتن و ئاوەدانی و داوا لە خەڵکی کوردستان دەکەم بەردەوام بن لە پشتگیریکردنی حکومەتەکەیان."

29 تشرینی دووەم 2025 21:56
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026