ڕوونکرنەوەیەکی بەپەلە لەلایەن رۆژنامەنووس و گەنجانی هەرکی لەسەر شەڕەکەی لاناز
ڕۆژنامەنووس و گەنجانی هەرکی داوا دەکەن ڕێگری لەو کەسانە بگیرێت کە لە پشتی کیبۆردەوە هەوڵی ئاژەوەگێڕی و شەڕ دەدەن لە لاناز
ئەمڕۆ شەممە، لەسەر شەڕەکەی نێوان خۆپیشاندانی هاووڵاتییانی سنووری گوندی لاجان و پاسەوانانی پاڵاوتگەی لاناز لەسەر ڕێی گوێڕ لە سنووری هەولێر، کۆمەڵێک ڕۆژنامەنووس و گەنجانی هەرکی ڕاگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوە داوا دەکەن ڕێگە نەدرێت هەندێک کەس لە پشت کیبۆڕدەوە و لە سلێمانییەوە هانی شەڕ بدەن.
دەقی ڕاگەیەنراوی کۆمەڵێک ڕۆژنامەنووس و گەنجانی هەرکی:
داوا لە هەرکییەکان دەکەین چەند کەسێک لە پشت کیبۆردەوە ئێوە هان نەدەن کە خۆشیان لە سلێمانی پاڵیان دابێتەوە
ڕونکردنەوەیەکی گرنگ لە کۆمەڵێک ڕۆژنامەنووس و گەنجانی هەرکی
خەڵکی عەشیرەتی هەرکی، وەک دەزانن شەڕێکی نەخوازراو لە نێوان چەند خاوەن تانکەرێک و سکویریتیەکانی لاناز و هێزی ئەمنی ڕوویداوە، بەداخەوە قوربانی هەیە، بەڵام ئەوەی لە هەمووی ناخۆشترە چەند میدیایەکی چەواشەکار هەوڵی گەرمکردنی شەڕەکە دەدەن و دەیانەوێت لەسەر خوێنی گەنجی هەرکی دەستکەوتی ماددی بەدەست بهێنن لە کۆتاییش پرسە و خەمخواردن یەتیم بۆ ماڵەکانییان دەمێننەوە کە کوڕیان دەکوژرێن.
لە هەمان کاتدا داوا لە هێزە ئەمنییەکان دەکەین بە شێوەیەکی دوور لە تووندوتیژی وەڵامی خەڵکەکە بدەنەوە، نەیەڵن خەڵک سوود لەو گرژیانە ببینن و خۆیان بکەنە خاوەن دۆزییەکە.
داوا لە هەموو گەنجانی هەرکی دەکەین ڕێگە نەدەن چەند کەسێک لە پشت کیبۆردەوە ئێوە هان بدەن شەڕی براکانتان بکەن و خۆیشیان (لە ستییەکانی سلێمانی) پاڵیان دابێتەوە، چونکە بەپێی زانیارییەکان هەردوو لا گەنجی هەرکی تێدایە، چ لاناز بێت یاخود خەڵکی گوند.
کۆمەڵێک ڕۆژنامەنووس و گەنجانی هەرکی
29ـی 11ـی 2025