بارەگای بارزانی: کاتی ئەوە هاتووە ئەنجامدەرانی ئەم دەستدرێژییانە سزا بدرێن
بارەگای بارزانی سەرکۆنەی هێرشەکەی کۆمۆر دەکات و دەڵێت، کاتی ئەوە هاتووە کە لە بەرامبەر ئەم دەستدرێژی و هێرشە ناڕەوایانەدا هەنگاوی جددی بگیرێتەبەر و کۆتایی پێ بهێندرێت و ئەنجامدەرانیان سزا بدرێن
بارەگای بارزانی بەتووندی ئیدانەی هێرشی کێڵگەی کۆرمۆر دەکات و جەخت لەوەدەکاتەوە، کاتی ئەوە هاتووە لە بەرامبەر ئەم دەستدرێژی و هێرشە ناڕەوایانەدا هەنگاوی جددی بگیرێتەبەر.
ئەمڕۆ پێنجشەممە بارەگای بارزانی لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای دەکات، زۆر بە توندی ئیدانەی ئەو هێرشە تیرۆریستییە دەکەن کە شەوی ڕابردوو کرایە سەر کێڵگەی کۆرمۆر، ئەم هێرشە دژی ژێرخانی ئابووری و بەرژەوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق و هەموو هاووڵاتییانە.
بارەگای بارزانی ئاماژە بەوەدەدات، سەرباری ئەوەی کە پێشتریش ئەو جۆرە هێرشە ناڕەوایانەی سەر هەرێم زۆرجار ئیدانە کراون بەڵام تەنیا ئیدانە بووە و لەبەرامبەر ئەنجامدەراندا هیچ ڕێکارییەک نەکراوە.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی بارەگای بارزانی، ئەو هێرشانە دووبارە بوونەتەوە کاتی ئەوە هاتووە کە لەبەرامبەر ئەم دەستدرێژی و هێرشە ناڕەوایانەدا هەنگاوی جددی و کرداری بگیرێتەبەر و کۆتایی پێ بهێندرێت و ئەنجامدەرانیان سزا بدرێن.