پایتەخت

لەسەر کەمبوونەوە پێدانی کارەبا وەزیری کارەبای هەرێم ڕوونکردنەوەی دا

لەسەر کەمبوونەوە پێدانی کارەبا وەزیری کارەبای هەرێم ڕوونکردنەوەی دا
کورتە

بە گووتەی وەزیری کارەبای هەرێم لە ماوەی 24 بۆ 48 کاتژمێری داهاتوو کارەبا ئاسایی دەبێتەوە

وەزیری کارەبای هەرێمی کوردستان لەسەر ئاسایی بوونەوەی پێدانی کارەبا و گرانبوونی غاز هاووڵاتییان ئاگادار دەکاتەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە وەزیری کارەبای هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، بەهۆی هێرشە درۆنییەکەی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر، نزیکەى 3000 مێگاوات کارەبامان لەدەستداوە و نزیکەى 1400 مێگاوات کارەباشمان ماوە.

 لەبارەی کاتی ئاسایبوونەوەی کارەبا وەزیری کارەبا ئاماژەی بەوەدا، ئەگەر کێشەکە تەنیا لە کۆگەدا بێت، لە ماوەی 24 بۆ 48 کاژێری داهاتوو ئاسایی دەبێتەوە.

لەبارەی بڕی ئەو کارەبایەی ئێستا دەتوانن بیدەنە هاووڵاتییان و  گرانبوونی غازی ماڵان، گووتی: "لە ئێستادا دەتوانن 6 بۆ 8 کاژێر کارەبا بدەن، بۆ هەفتەیەک غازیان هەیە، غازی ماڵان بەهیچ شێوەیەک گران نابێت.

ئەمە لە کاتێکدایە، دوێنێ شەو کاتژمێر 11:30 هێرش کرایە سەر کێڵگەی کۆرمۆر لە چەمچەماڵ، بەهۆیەوە بەشێکی کێڵگەکە گڕی گرت و کۆگایەکیش بە تەواوی سووتا، هەناردەی غاز بۆ وێستگەکانی کارەبا ڕاگیرا، ئاستی بەرهەمهێنانی کارەبا کەم دەبێتەوە.

27 تشرینی دووەم 2025 14:20
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026