ئەم گەنجە کوردە بە پێدانی ژنی ڕووسی هەڵخەڵەتێندراوە و ئێستا لە ئۆکراینا شەڕ دەکات
گەنجێکی کورد بە پێدانی ژن و پاسپۆرتی ڕووسی هەڵخەڵەتێندراوە
گەنجێکی کورد بە پێدانی ژن و پاسپۆرتی ڕووسی هەڵخەڵەتێندراوە و نێردراوە بۆ ڕیزەکانی جەنگ و لە دژی ئۆکراینا شەڕ دەکات، کەسوکارەکەی داوا لە حکومەت دەکەن سۆراخی بکەن.
گەنجێکی دەڤەری برادۆست بە ناوی "مەتین وەهاب" دوای هاتنی بۆ هەولێر و لە شووشتنگەیەک کاری کردووە، دواتر بۆ کارکردن چووەتە پردێ و لە بازگەی پردێوە تاوەکو 1ـی 8ـی 2025 دەنگی نەماوە، ئەوکاتە کورتە ڤیدیۆیەکی بۆ برایەکی خۆی ناردووە و تێیدا پێی گووتووە: "من لە شاری باخمووتی رۆژهەڵاتی ئۆکراینا شەڕ دەکەم."
بە گوتەی سیامەند وەهاب، برای "مەتین وەهاب"، گەنجە ونبووەکەی دەڤەری برادۆست کە بۆ میدیاکان قسەی کردووە، ئاماژەی بەوە داوە، چوونی براکەی بۆ ئۆکراینا بەئازادیی خۆیەتی، بەزۆرەملێ نەبووە، چونکە پێیانگوتووە کارێکی زۆر باشە و مووچەیەکی زۆرە، هاوکات شووقە و پاسپۆرت و ژنی ڕووسی مسۆگەرە، بۆیە بەم شێوەیە هەڵیان خەڵەتاندووە و ناردوویانەتە بەرەکانی جەنگ.
لە ئێستادا کەسوکارەکەی داوا لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و ئەنجوومەنی وەزیران دەکەن، هەوڵێک بدرێت و سۆراخێکی براکەی بکرێت؛ دەیانەوێت بزانن کە ئایا ماوە یان مردووە.
جێی باسە ئەمە تاکە گەنجی کورد نییە لە ڕیزەکانی سووپای ڕووسیا شەڕ بکات، بە گوێرەی سەرچاوە ئەمنییەکانی ئۆکراینا و ڕووسیا، ژمارەی ئەو سەربازە عێراقییانەی لە ڕووسیان و دژی ئۆکراینا دەجەنگن، 4 هەزار و 500 کەسی تێپەڕاندووە و بە نزیکەی 5 هەزار کەس دەخەمڵێندرێن.