هاتووچۆی هەولێر: پابەندبوونی شۆفێران هۆکارێکە بۆ بەرزکردنەوەی خێرایی لە شەقامەکان
گوتەبێژی هاتووچۆی هەولێر هۆکاری بەرزکردنەوەی خێرایی لێخوڕینی ڕێگەپێدراوی ئاشکرا کرد
بەهۆی پابەندبوونی شۆفێران بە ڕێنماییەکانی هاتووچۆ، بڕیاری بەرزکردنەوەی خێرایی ژمارەیەک شەقام لە شاری هەولێر کەوتوونەتە بواری جێبەجێکردنەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە هێمن ئەمین گوتەبێژی هاتووچۆی هەولێر بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، هۆکاری بڕیاری بەرزکردنەوەی خێرایی لە بەشێکی شەقامەکانی هەولێر دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی لە ئێستادا شۆفێران پابەندترن بە ڕێنماییەکانی هاتووچۆ، یاخود زۆربەی شەقامەکان چاکسازیان تێداکراوە وەک ( نۆژەنکردنەوەی شەقامەکان، دانانی گاردرێڵ، دانانی پردی پەڕێنەوە، هێڵکاریکردنی دووبارە، دانانی فسفۆڕ).
بەگووتەی هێمن ئەمین، لە سیستەمی هاتووچۆدا گۆڕانکاری بەسەر شەقامەکاندا دێت، بەشێوازێکی گشتی کوالێتی شەقامەکانی هەولێر بە چاکسازییەکان بەرزبوویەوە و ئەمەش وادەکات کەمێک خێرایی بەرز بکرێتەوە.
گوتەبێژی هاتووچۆی هەولێر ڕوونیکردەوە، بەگوێرەی نوێترین داتاکان ڕێژەی ڕووداوەکانی هاتووچۆ لە %50 کەمی کردووە، بە هەوڵی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی ناوخۆ ئاستی ڕۆشنبیری شۆفێران بەرزبووەتەوە زیاتر پابەندی ڕێنماییەکانی هاتووچۆن.