تاڵیبان: لە هێرشێکی ئاسمانیی دا پاکستان 9 منداڵ و ئافرەتێكی لێ کوشتین
لە ئەنجامێکی هێرشێکی ئاسمانی بۆ سەر ماڵی هاووڵاتییەکی ئەفغانستان، 9 منداڵ گیانیان لەدەستدا
گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان ئەفغانستان و پاکستان ڕوو لە زیاد بوون دەکات و ئەمجارە پاکستان بۆردوومانی ئەفغانستانی کرد.
زەبیحوڵڵا موجاهید، گوتەبێژی حکومەتی ئەفغانستان (تاڵیبان) لە پلاتفۆڕمی ئێکس ڕایگەیاند، پاکستان ماڵی هاووڵاتییەکی لە پارێزگای خۆست بۆردوومان کردووە و 9 منداڵ و ژنێکی تێدا کوشتووە، گوتیشی هێرشی زیاتر لە پارێزگاکانی کونار و پاکتیکا ئەنجامدراوە و چوار کەسی دیکەش بریندار بوون.
ئەمە لە کاتێکدایە، دوێنێ سێشەممە 24-11-2025، چەکدارێك هێرشێکی خۆکوژی بە بۆمب و چەکی قورس کردە سەر بارەگای هێزەکانی پاسەوانی سنوور لە شاری پێشاوەری باکووری ڕۆژئاوای پاکستان، لە ئەنجامدا سێ پۆلیسی کوژران و پێنجی دیکەی بریندار بوون.
ڕۆژی 11ـی ئەم مانگەش، تەقینەوەیەکی دیکەی خۆکوژی لە نزیک دادگایەک لە ئیسلام ئاباد ڕووی دا و لە ئەنجامدا 12 کەس کوژران، ئەمەش دەرخەری نزمبوونەوەی پەیوەندی نێوان ئەم دوو وڵاتە لەم ساڵدا دەردەخات بەروارد بە ساڵانی ڕابردوو، بەتایبەتی دوای پێکدادانە سنوورییەکانی مانگی ڕابردوو، بووە هۆی کوژرانی زیاتر لە 70 کەس لە هەردوولا.