12٪ـی کۆچبەرانی نایاسایی بەریتانیا خەڵکی عێراقن
عێراقییەکان 12٪ـی کۆی گشتیی پەنابەرانی نایاسایی پێکدەهێنن
عێراقییەکان 12٪ـی کۆی گشتیی پەنابەرانی نایاسایی، کە بە بەلەمی بچووک بەرەو بەریتانیا کۆچ دەکەن پێکدەهێنن.
کۆچ بەرەو بەریتانیا لە عێراقەوە یەک لەو بابەتە مەترسیدارانەیە کە هەردوو وڵاتی عێراق و بەریتانیای سەرقاڵ کردووە، لە ماوەی ئەم دوو ساڵەی دوایشدا ژمارەی ئەو کۆچبەرە نایاساییانەی کە بە بەلەمی بچووک و بە پەڕینەوە لە کەناڵی ئینگلیز کۆچ دەکەن بەرەو وڵاتی بەریتانیا زۆرتر بووە.
زانکۆی ئۆکسفۆردی بەریتانی ئامارێکی نوێی لەو کۆچبەرانە بڵاوکردووەتەوە کە لە کەناڵی ئینگلیز و بە بەکارهێنانی بەلەمی بچووک هەوڵیان داوە بگەنە وڵاتی بەریتانیا، کە عێراقییەکان 12٪ـی کۆی گشتیی ئامارەکە پێکدەهێنن.
بەپێی ئەو توێژینەوە ئامارییەی زانکۆکە، ژمارەی کۆچبەران لە ماوەی ئەمساڵ و ساڵی ڕابردوو لە چاو ساڵانی پێشوو زۆرتر بووە، ئامارەکە دەریدەخات، لە ماوەی ساڵی 2019ـدا هەزار و 800 کەس هەوڵیان داوە بە کەناڵی ئینگلیز و بە بەکارهێنانی بەلەمی بچووک بگەنە وڵاتی بەریتانیا، بەڵام ساڵی 2024 ژمارەکە بۆ 36 هەزار و 800 کەس بەرز بووەتەوە.
سەرەڕای یاسا تووند و سەختگیرانە نوێیەکانی حکومەتی بەریتانیا بۆ وەرنەگرتنی پەنابەران، بەڵام ئامارەکە دەریدەخات، ژمارەی پەنابەرانی نایاسایی لە ساڵی 2025ـدا گەیشتووەتە زیاتر لە 45 هەزار کەس.
لە ئامارەکەدا دەردەکەوێت، وڵاتی ئێران بە ڕێژەی 17٪ پلەی یەکەمی لە پەڕینەوە بە بەلەمی بچووک و بەکارهێنانی کەناڵی ئینگلیز هەیە بۆ گەیشتن بە بەریتانیا و دواتر وڵاتی ئەفغانستان بەڕێژەی 15٪ و لە پلەی سێیەمیشدا عێراق هەیە، کە ڕێژەی 12٪ـی ئەم ئامارەی هەیە.