هاووڵاتییەک لەسەر ئیسرائیل بە 8 ساڵ زیندانی سزا درا
هاووڵاتییەکی عێراقی لەلایەن دادگاوە بە 8 ساڵ زیندانیکردن سزا درا
هاووڵاتییەکی عێراقی داوای ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ئیسرائیلی کردبوو و لەلایەن دادگاوە بە 8 ساڵ زیندانیکردن سزا درا.
ئەمڕۆ یەکشەممە، سەرچاوەیەکی دادوەری لە پارێزگای زیقار بە میدیاکانی عێراقی ڕایگەیاند، دادگای تاوانەکانی زیقار سزای زیندانیکردنی 8 ساڵی بەسەر کەسێکدا سەپاند، بەهۆی ئەوەی داوای لە حکومەتی عێراق کردبوو پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتی ئیسرائیل ئاسایی بکاتەوە.
ئەو سەرچاوە دادوەرییە ئاشکرایکردووە، دادگا سزای هەشت ساڵ زیندانیکردنی بەسەر تۆمەتبارەکەدا سەپاندووە، دوای ئەوەی تۆمەتبارەکە بە تۆمەتی بڵاوکردنەوەی لە سۆشیال میدیادا داوای لە حکومەتی عێراق کردبوو پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتی ئیسرائیل ئاسایی بکاتەوە.
ئەو سەرچاوەیە ڕوونی کردەوە، ئەو بڕیارە لەسەر بنەمای بڕگەکانی یاسای ژمارە 1ـی ساڵی 2022، تاوانبارکردنی ئاساییکردنەوە لەگەڵ ئیسرائیل بووە، بەڵام ناو و ناسناوی ئەو هاووڵاتییەی ئاشکرا نەکردووە.
جێگای ئاماژەیە، لە ناوەڕاستی ساڵی 2022، پەرلەمانی عێراق ڕەشنووسی یاسای ئاساییکردنەوەی لەگەڵ ئیسرائیل بە تاوان زانی، پرۆژە یاسایەک کە لەلایەن بلۆکی سەدر و هاوپەیمانەکانی ئەوکاتەوە پێشنیار کرابوو.
ئەم یاسایە سزاکانی زیندانی هەتاهەتایی یان ماوەیەکی دیاریکراوی زیندانیکردنی دیاری کردووە و ئامانج لێی، بە پێی مادەی یەکەمی خۆی "ڕێگری لە دامەزراندنی پەیوەندی دیپلۆماسی، سیاسی، سەربازی، ئابووری، کولتووری، یان هەر جۆرە پەیوەندییەکی دیکە لەگەڵ ئیسرائیل" ناوبردووە.
لە مادەی ٢٠١ی یاسای سزادانی عێراقی دا هاتووە، هەرکەسێک کە بنەماکانی زایۆنیزم بە ماسۆنییەتەوە بەرەوپێش ببات، یان پەیوەندی بە هەریەکێک لە دامەزراوەکانیەوە بکات، یان لە ڕووی ماددی یان ئەخلاقییەوە هاوکاری بکات، یان بە هەر شێوەیەک کار بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی بکات، سزای لە سێدارەدانی دەدرێت.
لە کۆی 22 دەوڵەتی عەرەبی، شەش دەوڵەت- میسر، ئوردن، ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی، بەحرەین، مەغریب و سودان- پەیوەندییە ڕاگەیەندراوەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل دەپارێزن.