پایتەخت

هەر کەسێک بەشدار نەبێت لە هەژماری من مووچەکەی وەرناگرێت

هەر کەسێک بەشدار نەبێت لە هەژماری من مووچەکەی وەرناگرێت
کورتە

وەزارەتی دارایی و ئابووری مووچەخۆران ئاگادار دەکاتەوە

لە دوای سەری ساڵ مووچەی سەرجەم ئەو کەسانەی خۆیان لە هەژماری من تۆمار نەکردووە ڕادەگیرێت و دەبێت تا ئەوکات مووچەخۆران خۆیان تۆماربکەن.

 

ئەمڕۆ یەکشەممە وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای دەکات، سەبارەت بە پرسی بەبانکیکردنی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی پڕۆژەی هەژماری من کە ماوەی دوو ساڵە دەستی پێکردووە و لە قۆناغی کۆتاییدایە، دوای بڵاوکردنەوەی ئاگاداری بەڕێوەبەرایەتی خانەنشینی سەر بەوەزارەتیان لە هەفتەی ڕابردوو لێرە و لەوێ خوێندنەوەی نادروست و نابەرپرسیارانەی بۆ کراوە.

 

وەزارەتی دارایی جەخت لەوەدەکاتەوە، لەئەنجامی ڕێکكەوتنی سەرەتای مانگی شوباتی ئەمساڵ لە نێوان شاندی هەرێمی کوردستان و شاندی حکومەتی فیدراڵ وەزارەتی دارایی عێراق کۆتایی ساڵی 2025ـی دیاریکرد بۆ ئەوەی سەرجەم فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان ببنە خاوەن هەژماری بانکی تایبەت بە خۆیان، بەپێچەوانەوە لە ساڵی نوێدا مووچەیان بۆ خەرج ناکرێت.

 

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی دارایی، بەپێی سەرجەم ڕێکەوتن و بڕیارەکانی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق و وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ کۆتایی ئەمساڵ دوا مۆڵەتە بۆ کردنەوەی هەژماری بانکی بۆسەرجەم فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.

 

وەزارەتی دارایی و ئابووری باس لەوەدەکات، لە هیچ وڵاتێکدا دوو جۆر شێوازی دابەشکردنی مووچە نییە، لەلایەک بەکاش و لەلایەک بەسیستەمی بانکی، لە ئێستاشدا لەهەرێمی کوردستان بەڕێکكەوتنی هەردوو حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ مووچە بە سیستەمی دیجیتاڵی خەرج دەکرێت.

 

لە کۆتاییدا وەزارەتەکە دووپاتی دەکاتەوە، لەدوای سەری ساڵ مووچە تەنیا لە ڕێی پڕۆژەی (هەژماری من)ەوە خەرج دەکرێت، وە هەر کەسێک بەشدار نەبێت لە پڕۆژەی هەژماری من مووچە وەرناگرێت و خۆی بەرپرسیار دەبێت.

23 تشرینی دووەم 2025 20:42
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2025