بەم زووانە فەرمانبەران دەبنە خاوەنی زەوی
لە ماوەیەکی نزیکدا فەرمانبەرانی سنووری شارەوانی خەبات سوودمەند دەبن لە وەرگرتنی زەوی
هەزارەها پارچە زەوی لەسنووری پارێزگای هەولێر دابەشکراوە، چاوەڕوان دەکرێت لە ماوەیەکی نزیکدا فەرمانبەرانی سنووری شارەوانی خەبات سوودمەند بن.
ئەمڕۆ یەکشەممە دلاوەر فەتاح، سەرۆکی شارەوانی خەبات بە پایتەخت میدیای راگەیاند، بەشێک لە ڕێکارییەکانی دابەشکردنی زەوی تەواو بووە بەڵام هەندێک وردەکاری ماون و کار دەکرێت بۆ ئەوەی 2 هەزار 500 فەرمانبەری مەدەنی و سەربازی سوودمەند بن.
دلاوەر فەتاح باس لەوەدەکات، پێشبینی دەکرێت لە دوو هەفتەی داهاتوو کارەکان کۆتایی بێن و تیروپشک بۆ ناوی فەرمانبەران ئەنجام بدەرێت.
پێشووتر مەریوان حاکم هادی، بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەكانی هەولێر بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاندبوو، لە سنووری پارێزگای هەولێر تا ئێستا 32 هەزار فەرمانبەر زەوییان وەرگرتووە.