پایتەخت

وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌: به‌ زیره‌كی ده‌ستكرد وانه‌ به‌ قوتابییان ده‌ڵێین

وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌: به‌ زیره‌كی ده‌ستكرد وانه‌ به‌ قوتابییان ده‌ڵێین
کورتە

وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ وانه‌كان به‌ زیره‌كی ده‌ستكرد بۆ قوتابییان ڕوونده‌كاته‌وه‌

 وه‌زاره‌تی په‌روه‌ده‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ بڵاوكراوه‌یه‌كدا ئاشكرای كرد، گەورەترین و ناوازەترین پلاتفۆرمی دیجیتاڵی کارلێکارانەمان بۆ پرۆسەی فێربوون لە کوردستان دروستکردووە و پلاتفۆرمەکە بۆ سیستمی خوێندنی وەزارەتی پەروەردەیە بە زمانەکانی کوردی ( سۆرانی - بادینی) و ئینگلیزی چالاك ده‌بێت.

 

ده‌قی بڵاوكراوه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌:


نەوەی ( ئەلفا) و لە دایکبووانی دوای کۆتایی ئەمساڵ کە بەناوی ( بێتا) دەناسێندرێن ، نەوەیەکی دیجیتاڵین ، پێویست بوو سیستمێکی دیجیتاڵی ناوازەو کارلێککەرانەیان بۆ فەراهەم بکەین لە پرۆسەی فێربوون ، لەسەبنەمای چێژبەخشی فێربوون و فێربوون بە کردار Learning by Doing ، پلاتفۆرمی ( قوتابخانەکەم ) کە ئێستا سێ پۆلی خوێندنی تەواو کارایە و پۆلەکانی ٤ و ٥ ی بنەڕەتیش لەژێرکارکردندان ، بۆ کۆتایی ساڵی ٢٠٢٦ هەموو پۆل و قۆناغەکانی خوێندنی بنەڕەتی تەواو دەکرێن ، تیمی خۆماڵی و بەهاوبەشی رێکخراوی یونسێف ئەنجامی دەدەین ، دەبێتە وەرچەرخانێکی گرنگی پرۆسەی فێربوون لە کوردستان.

ئەو قوتابخانانەی دیاریکراون کە ئەمساڵ ئەزموونکاریی تێدا ئەنجامبدرێت لە زۆرێک لە پارێزگاکان ڕاهێنانیان تەواوکردوە و پرۆسەی ڕاهێنانیش بەردەوامن بۆ ئەو قوتابخانانەی کە زیادمان کردن بۆ پرۆژەکە.

جەنابی سەرۆکوەزیران سمارت بۆردی پێویستی دابینکردووە بۆ ئەو قوتابخانە حکومیانەی کە ئەم پرۆسەیەیان تێدا ئەنجام دەدەین ، بەشێکی دیکەش کەرتی خوێندنی ناحکومی هاوکار و هەماهەنگی کەرتی خوێندنی حکومی دەبن لەدابینکردنی سمارت بۆرد بۆ پۆلەکانی ئەو قوتابخانانە.

هەموو بابەت و وانەکانی خوێندنی ناو پۆل دەگرێتەوە و هیچ بابەتێک فەرامۆش ناکرێت .

کاری گرنگ و ناوازەی دیکە ئەوەیە کەئەم پلاتفۆرمە زیرەکی دەستکرد( زانا) ی تێدایە ، کە وەڵامی پرسیاری بابەتە پەروەردەییەکان دەداتەوە ، بەنمونە دەتوانی داوای لێبکەیت ئەو بابەتەت بۆ پوخت بکاتەوە ، داوابکەی بۆت بکاتە پرسیار و وەڵام ، داوابکەیت بە گوێرەی هەرەمی ( بلۆم) بابەتەکەت بۆ باس بکات ، داوابکەیت بابەتەکە بۆ بکاتە بۆشایی و وەڵام ، داوابکەیت کە چ پرسیارێک ئاراستەی مامۆستا بکەیت لەو بابەتە، یان ئەگەر مامۆستا داوای لە قوتابی کرد بابەتێکی بۆ شرۆڤە بکات ، زیرەکی دەستکرد( زانا) ڕێنوێنی دەکات کە چۆن وەڵامی مامۆستا بداتەوە. یەکەمین دامەزراوەی فەرمی حکومی خوێندنین لە کوردستان کە زیرەکی تایبەت بە بواری فێربوونی پرۆگرامەکانی خوێندنمان هەیە.

لە پلاتفۆرمەکەدا ( ئەرکی ماڵەوە) هەیە کە پۆل و هۆبە و ناوی قوتابیان بۆ مامۆستا ئامادەکراوە و دەتوانێت بۆ قوتابیەک یان چەند قوتابیەکی دیاریکراو یان هەموو قوتابیانی هۆبەکەی ئەرکی ماڵەوە بنێرێت و سەیریشی بکات کە کێ ئەرکەکانی ئەنجامداوە.

هاوکاری ئەو دایک و باوکانە دەبێت کە وەک پێویست بە پرۆسەی خوێندەواری تێنەپەڕیوون و ناتوانن لەماڵەوە هاوکاری منداڵەکانیان بن ، ئەو پلاتفۆرمە هاوکاریان دەبێت .

بۆ ئەو قوتابخانانەی تاقیگەیان نیە ئێستا کار لەسەر تاقیگەی گریمانەیی Virtual Lab دەکەین ، کە ئیدی لە ئایندە گرفتی نەبوونی تاقیگەیان نەمێنێت و بتوانن بەبەکارهێنانی ئەو تاقیگە گریمانەییە وەک ئەوەی لە تاقیگەی ئاسایی کارەکان ئەنجامبدەن .

پلاتفۆرمەکە بۆ سیستمی خوێندنی وەزارەتی پەروەردەیە بە زمانەکانی کوردی ( سۆرانی - بادینی) و ئینگلیزی.

21 تشرینی دووەم 2025 21:03
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2025