ڕووسیا لە ڕێگەی تیکتۆکەوە هەرزەکارانی ئۆکراینا هەڵدەخەڵەتێنێت
گەنجان و هەرزەکارانی ئۆکراینا لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و یارییە ڤیدیۆییەکانەوە بە پارە هەڵدەخەڵەتێندرێن
گەنجان و هەرزەکارانی ئۆکراینا لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و یارییە ڤیدیۆییەکانەوە بە پارە هەڵدەخەڵەتێندرێن تا کاری تیرۆرستی دژی وڵاتی خۆیان ئەنجام بدەن.
دەزگای ئاسایشی ئۆکراینا SBU ڕایگەیاند، لە ماوەی 2 ساڵی ڕابردوو ڕووسیا زیاتر لە 800 گەنجی ئۆکراینی بۆ کاری تیرۆرستی هەڵخەڵەتاندووە، لەم ژمارەیەش 240ـیان تەمەنیان لە خوار 18 ساڵ بووە، تەنانەت منداڵی 11 ساڵانیشی تێدا بووە، کە زۆربەیان لە ڕێگەی تێلیگرام، تیکتۆک و یارییە ڤیدیۆییەکانەوە بووە و زۆربەشیان بۆ ئامانجی وەرگرتنی پارە بووە، نەک خۆشەویستییان بۆ ڕووسیا.
لە مانگی 6ـی ئەمساڵدا هەرزەکارێكی 17 ساڵانی ئۆکراینی 800 کیلۆمەتری لە ماڵی خۆیەوە بەرەو شاری ڕایڤنی خۆرئاوای وڵاتەکە بڕی تا بۆمبێک و مۆباییلێک لە پاڕکێک هەڵبگرێت.
ئەم هەرزەکارە بەڵێنی 2000 دۆلاری وەک خەڵات پێدرابوو ئەگەر بتوانێت بۆمبەکە لە ئۆتۆمبێلێکی جۆری (ڤان) ببەستێت و بیتەقێنێتەوە، کە لەلایەن سەربازانی بەشی تۆمارکردنی سەرباز بەکار دەهێندرا، بەڵام توانرا لەلایەن سەربازانی ئۆکراینا هێرشەکە پووچەڵ بکەنەوە و دەستگیری بکەن.
لە ئێستدا ئەم هەرزەکارە تەمەنی بووەتەوە 18 ساڵ و چاوەڕوانی پڕۆسەی دادگەییکردنەکەیەتی لەسەر تۆمەتی کاری "تیرۆریزم" کە ئەگەری هەیە سزای 12 ساڵ زیندانی بەسەردا بسەپێندێت.