سەڵاحەدین دەمیرتاش لە زیندانەوە نامەیەکی بڵاوکردەوە
هاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان لە وەڵامی هەندێک لێدوان لە زیندانەوە نامەیەکی بڵاوکردەوە
هاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان لە وەڵامی هەندێک لێدوان لە زیندانەوە نامەیەکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، هیچ کەسێک ناتوانێت شکۆی من بشکێنێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان ناسراو بە هەدەپە، لە وەڵامی هەندێک لێدوانی بۆڵەنت ئارنچ، سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی تورکیا لە زیندانی ئەدێرنەوە پەیامێکی بڵاوکردەوە.
لە پەیامەکەیدا کە بە دەستی خۆی نووسیویەتی و لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس و لەلایەن پارێزەرەکانییەوە بڵاوکراوەتەوە، دەمیرتاش ڕایگەیاندووە، هیچ کەسێک مافی نییە بە ناوی منەوە قسە بکات یان لێدوان بدات تەنانەت ئەگەر ویست و نیازی باشیشی هەبێت، هەر کاتێک پێویست بێت، من بۆچوونی خۆم بۆ ڕای گشتی بڵاودەکەمەوە.
سەڵاحەدین دەمیرتاش لەو پەیامەیدا ئاماژەی بەوەشکردووە، مانەوە لە ژوورێکدا بۆ ماوەی 9 ساڵ بە بێ هیچ تاوانێک هەزاران سەختیی هەیە بەڵام بوون بە بەشێک لە خەبات بۆ ئازادی، دیموکراسی و ئاشتی بۆ خەڵک، هێزی بەرگەگرتن بەرامبەر هەموو سەختییەکان و ئیرادەیەکی پۆڵایین بە مرۆڤ دەبەخشێت.
بڵاوکردنەوەی ئەو پەیامە لەلایەن سەڵاحەدین دەمیرتاشەوە دوای ئەوە هات، کە بۆڵەنت ئارنچ بەناوی دەمیرتاشەوە ڕایگەیاندبوو، دەمیرتاش داوای بینینی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا دەکات.
هاوکات لەگەڵ بڵاوکردنەوەی ئەو پەیامە، سەڵاحەدین دەمیرتاش ئەوەشی ڕاگەیاندووە، بڕیاری نوێم داوە لەگەڵ سیاسەتوانان و کەسایەتییە سیاسییەکانیش دیدار و چاوپێکەوتن ئەنجام نەدەم.
دەمیرتاش باسی لەوەش کردووە، ئەوەی زیاتر جێی نیگەرانی و بارگرانییە، ئەو قسە و گوتانەیە کە بەناوی منەوە و بەشێوەی جۆراوجۆر لە دەرەوە باس کراوە، لە کاتێکدا کە من قسەی وام نەکردووە.