کڕین و فرۆشتن بە زەوی فەرمانبەران دروست نییە
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەکانی هەولێر کڕین و فرۆشتن بە زەوی فەرمانبەران قەدەغە دەکات
ماوەی چەند مانگێکە بە بڕیاری سەرۆکوەزیران، مەسرور بارزانی زەوی بەسەر فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دابەش دەکرێت و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەکانی هەولێر کڕین و فرۆشتن بەو زەویانە قەدەغە دەکات.
ئەمڕۆ یەکشەممە مەریوان حاکم هادی، بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی هەولێر بە پایتەخت میدیای رایگەیاند، لە پاش تیروپشککردنی ناوی فەرمانبەران بۆ وەرگرتنی زەوی ژمارە دەدرێت بە فەرمانبەران، بەڵام بەهۆی ئەوەی هیچ بەڵگەیەکی فەرمی نابێت لەوکاتەدا فەرمانبەران نابێت مامەڵەی کڕین و فرۆشتن بە زەوییەکەی بکات.
مەریوان حاکم هادی ڕاشیگەیاند، تاوەکوو فەرمانبەران دەبنە خاوەنی تاپۆی خۆیان مافیان نابێت کڕین و فرۆشتن بە زەوییەکانیان بکەن و دەبێت وردبینی تەواوەتی لە ناوی فەرمانبەر بکرێت، لە ئەگەری وەرگرتنی دووبارەی زەوی، ئەو فەرمانبەرە زەوییەکەی لێ وەردەگیرێتەوە و تووشی سزای یاسای دەبێت.
بەگووتەی بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی هەولێر، داوای پابەند بوون لە فەرمانبەران دەکات، کە مامەڵە بەو زەوییانە نەکەن تاکو دەبنە خاوەن سەنەد یاخود تاپۆی خۆتان.