زیاتر لە 5 ملیار دینار بۆ ڕیکلامی هەڵبژاردن لە فەیسبووک خەرج کراوە
ڕێژەی خەرجکردنی پارە بۆ ڕیکلامی هەڵبژاردن لە فەیسبووک بەراورد بە پار ساڵ بە ڕێژەی 500% زیادی کردووە
دوای بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و کۆتاییهاتنی بانگەشەکردنی لایەنەکان، وردە وردە ئاماری خەرجییەکان بڵاودەبێتەوە.
تۆڕی دیجیتاڵی عێراقی (DIN) ئەمڕۆ یەکشەممە بڵاویکردەوە، کۆی خەرجییەکانی ڕیکلام و بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، کە حیزب و لایەنەکانی عێراق ئەنجامیانداوە، تەنها لە ڕێگەی تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووکەوە 5 ملیار دیناری عێراقی تێپەڕاندووە.
لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق کە لە ڕۆژانی ڕابردووی ئەم مانگە بەڕێوەچوو، 5 ملیار دینار بۆ سپۆنسەر و بانگەشە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک خەرج کراوە، ئەمەش بە بەراورد بە خەرجییەکانی ساڵی 2021 بە ڕێژەی 500% زیادیکردووە.
تۆڕی دیجیتاڵیی عێراق لە ڕاپۆرتی خۆیدا ڕایگەیاندووە، ئەو ژمارانە ڕەنگدانەوەی گۆڕانی فەیسبووکن بۆ گۆڕەپانێکی ناوەندی بۆ کێبڕکێی سیاسی، بەو پێیەی ئێستا لایەنە سیاسییەکان وەک ئامرازێکی سەرەکی بۆ ئاراستەکردنی پەیامەکەیان و بەئامانجکردنی دەنگدەران پشتی پێدەبەستن.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، بەغدا بە بڕی زیاتر لە ملیارێک و 500 ملیۆن دینار لە پێشەنگی لیستی خەرجکاراندایە، کە بەسەر پەیجی پارتە سیاسییەکان و کاندیدەکان و پلاتفۆرمی میدیاییدا دابەشکراوە.
پارێزگاری نەینەوا لە پلەی دووەمدا هاتووە بە خەرجی مەزەندەکراوی نیو ملیار دینار، لە پلەی دووەمیش سلێمانی دێت بە نزیکەی 340 ملیۆن دینار، پاشان هەولێر بە نزیکەیی هەمان بڕە پارە.
هاوکات زیقار بە 320 ملیۆن دینار پلەی پێنجەمی بەدەستهێناوە، هەڵەبجە کەمترین خەرجی هەبووە.
لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، خەرجییەکانی ڕیکلام تەنانەت لە ماوەی بێدەنگی فەرمی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکاندا نەوەستاوە، تۆڕەکە چاودێری بەردەوامی بڵاوکردنەوەی ڕیکلامە سیاسییەکانی ڕۆژێک پێش هەڵبژاردنی گشتی کرد، کە کۆی خەرجییەکانی سەرتاسەری عێراق 160 ملیۆن دیناری تێپەڕاند، زۆربەی ئەو ڕیکلامانە بانگەشەیان بۆ پۆستە کۆنەکان دەکرد کە چالاککرانەوە بۆ ئەوەی بەردەوام بن لە کاریگەریکردن لەسەر دەنگدەران.
بەپێی داتاکانی تۆڕەکە، ژمارەی بەکارهێنەرانی فەیسبووک لە عێراق گەیشتووەتە نزیکەی 21.5 ملیۆن کەس، ئەمەش بە بەراورد بە ساڵی پێشوو یەک ملیۆن و 100 هەزار بەکارهێنەر زیادیکردووە، ئەمەش وایکردووە پلاتفۆرمی دیجیتاڵی کاریگەرتر بێت لە داڕشتنی باری دەروونی هەڵبژاردنەکاندا.
شایانی باسە لە ڕاپۆرتێکی پێشووی تۆڕی دیجیتاڵی عێراقدا ئاماژە بەوە کراوە، نزیکەی یەک ملیار دیناری عێراقی لە ماوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی ساڵی 2021ـدا بۆ 44 هەزار ڕیکلامی سیاسی خەرج کراوە، ئەمەش پشتڕاستکردنەوەی بەردەوامی بەرزبوونەوەی ڕۆڵی دیجیتاڵی لە داڕشتنی دیمەنی سیاسی و هەڵبژاردنە لە وڵاتدا.
تیمی شیکاری تۆڕەکە پێیان وایە؛ ئەو خەرجییە بەرچاوەی کە لە ڕێگەی پلاتفۆرمەکانی سۆشیال میدیاوە بۆ ڕیکلامکردن دابین کراوە، ئاماژەیە بۆ گۆڕانکارییەکی کردەیی لە ئامرازەکانی کاریگەریی هەڵبژاردنەکاندا، بەو پێیەی ئەم ڕیکلامانە ڕێگە بە دووبارە داڕشتنی بیروڕای گشتی و داڕشتنی ئەولەوییەتەکانی دەنگدەران دەدەن.
عێراق لە ڕۆژانی 9 و 11ی ئەم مانگە هەڵبژاردنی بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی خۆی ئەنجامدا، بە هەردوو دەنگدانی تایبەت و گشتییەوە.