دان بە هەڵبژاردنی ئەمجارەی عێراقدا دەنێین
هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کۆتاییهات و ئەمریکاش دانی پێدا دەنێت
لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقەوە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاندووە، سەرکردە هەڵبژێردراوەکانی عێراق دەسەڵاتی پێکهێنانی حکومەتی داهاتوویان هەیە، با بەردەوام بن و دان بەم هەڵبژاردنەدا دەنێین.
ئەمڕۆ شەممە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا پشتڕاستی کردەوە، ئەو لایەن و هێزە سیاسیانەی کورسیەکانیان لە هەڵبژاردنی ئەمجارەی پەرلەمانی عێراقدا بەدەستهێناوە، دەتوانن بەردەوام بن لە پێکهێنانی حکومەتی نوێی فیدراڵی.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا پیرۆزبایی هەڵبژاردنی "ئاشتییانەی لە گەلی عێراق کرد و ڕایگەیاند، سەرکردە هەڵبژێردراوەکانیان ئێستا دەسەڵاتی سەروەرییان هەیە بۆ دیاریکردنی پێکهاتەی حکومەتی داهاتووی عێراق.
وتەبێژەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، بەردەوام دەبین لە پتەوکردنی پەیوەندییەکانی ئەمریکا و عێراق لەسەر بنەمای ڕێزگرتنی یەکتر و بەرژەوەندی هاوبەش.
پێنجشەممەی ڕابردوو، مارک ساڤا، نێردەی تایبەتی ئەمریکا لە عێراق، پیرۆزبایی دڵسۆزانە لە گەلی عێراق کرد بەبۆنەی تەواوبوونی سەرکەوتووانەی هەڵبژاردنەکانی ئەم دواییەی پەرلەمانی عێراق، هاوکات بە هەنگاوێکی چارەنووسساز بۆ بەهێزکردنی دیموکراسی و سەقامگیری ناوی برد.
نێردەی ئەمەریکا دووپاتی کردەوە، ئەمریکا بە توندی پابەندە بە پاڵپشتیکردنی سەروەری عێراق و هەوڵەکانی چاکسازی و کەمکردنەوەی دەستێوەردانی دەرەکی و کاریگەری گروپە چەکدارەکان، ئاماژەی بەوەشکرد، وڵاتەکەی چاوەڕوانی کارکردنە لەگەڵ حکومەتی عێراق بۆ قووڵکردنەوەی هاوبەشی ستراتیژی لە بوارەکانی ئاسایش و وزە و گەشەپێدان، هەروەها بەشداریکردن لە بنیاتنانی ئایندەیەکی سەقامگیر و ئاوەدان بۆ هەمووان عێراقییەکان.