نەتەوە یەکگرتووەکان داواکارە حکومەتی عێراق بە شێوەیەکی ئاشتییانە پێکبهێنرێت
نەتەوە یەکگرتووەکان داوا دەکات حکومەتی عێراق بە شێوەیەکی پێکبهێنرێت، کە ڕەنگدانەوەی ئیرادەی خەڵکی عێراق بێت و لەگەڵ خواستەکانیان بۆ سەقامگیری و گەشەسەندن بگونجێت.
ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان داوایەک ئاراستەی لایەنە سیاسی و پەیوەندیدارەکانی عێراق دەکات و هاوکات ستایشی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقیش دەکات.
هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کۆتایی هات و ئەنجامی دەنگ و کورسیی بەدەستهاتووی سەرجەم لایەنەکانیش ئاشکرا بوو، سەرەڕای سوپاس و دەستخۆشی، ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان داوا لە سەرجەم لایەنەکان دەکات حکومەتی نوێی عێراق بەشێوەیەکی ئاشتییانە پێکبهێنرێت.
لەبارەی داواکارییەکەی ڕێکخراوەکەوە، ستیفان دوجاریک، گوتەبێژی ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاندووە، ئەنتۆنیۆ گوتێرێز ستایشی بەڕێوەچوونی ئارام و ئاشتییانەی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراقی کردووە و داواش لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات، کە ڕۆحی ئاشتی و ڕێزگرتن لە پرۆسەی هەڵبژاردن بپارێزن، کار بکەن بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق لە کاتی خۆیدا و بەشێوەی ئاشتییانە، بە شێوەیەک کە ڕەنگدانەوەی ئیرادەی خەڵکی عێراق بێت و لەگەڵ خواستەکانیان بۆ سەقامگیری و گەشەسەندن بگونجێت.
هاوکات ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان پشتیوانی بەردەوامی خۆی بۆ عێراق دووپاتکردەوە لە چەسپاندنی دەستکەوتە دیموکراسیەکان و بنیاتنانی داهاتوویەکی ئارام و خۆشگوزەران.
لە هەڵبژاردنی ئەمجارەی پەرلەمانی عێراقدا ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە زۆربەی بنکەکانی دەنگداندا نوێنەر و چاودێری تایبەتی دانابوو، بۆ ئەوەی بەردەوام ئاگاداری پرۆسەی هەڵبژاردن بێت.