فڕۆکەیەکی تورکیا بە 20 سەرنشینەوە کەوتەخوارەوە و تێشکا
فڕۆکەیەکی سەربازی تورکیا بە ژمارەیەک سەرنشینەوە کەوتەخوارەوە و سەرجەمیان گیانیان لەدەستدا
لە کاتی گەڕانەوەی بۆ وڵاتی تورکیا، فڕۆکەیەکی باهەڵگری سەربازی تێكشکا و 20 قوربانی لێ کەوتەوە.
ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاویکردەوە، فڕۆکەیەکی بارهەڵگری سەربازی تورکیا لە جۆری C-130 لە نزیک سنووری ئازەربایجان لە خاکی جۆرجیا لە کاتی گەڕانەوەی بۆ وڵاتەکەی لە ئاسمان تێکشاوە و کەوتەخوارەوە.
دوای ئەم ڕووداوە وەزارەتی بەرگریی تورکیا ڕایگەیاند، جگە لە تیمی فڕۆکەوانی، سەرنشینەکانی دیکەی فڕۆکەکە لە 20 سەرباز پێكهاتوون و سەرجەمیان گیانیان لەدەستاوە.
لەلایەکی دیکەوە عەلی یەرلیکای وەزیری ناوخۆی تورکیا گەیشتنی تیمەکانی فریاگوزاری جۆرجیای بە شوێنی کەوتنە خوارەوەی فڕۆکەکە ڕاگەیاند و جەختی کردەوە، کە پرۆسەی گەڕان بەردەوامە و دەستکراوە بە لێکۆڵینەوە لە هۆکاری کەوتنە خوارەوەکەی.