پایتەخت

وەزارەتی پێشمەرگە ئیدانەی هێرشی گەنجە کوردەکەی دووزخورماتوو دەکات

وەزارەتی پێشمەرگە ئیدانەی هێرشی گەنجە کوردەکەی دووزخورماتوو دەکات
کورتە

وەزارەتی پێشمەرگە; ئەم ڕووداوە پێشێلکردنێکی ڕوونی مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤە

وەزارەتی پێشمەرگە بەتووندی ئیدانەی هێرشی گەنجە کوردەکەی دووزخورماتوو دەکات و دەڵێت: " ئەم ڕووداوە پێشێلکردنێکی ڕوونی مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤە".

 

ئەمڕۆ سێشەممە وەزارەتی پێشمەرگە لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای دەکات، بە تووندی ئیدانە و سەرکۆنەی ڕەفتارە ناشرینەکانی ئەو چەند سەربازەی سوپای عێراقی دەکەن کە لە دووزخورماتوو هێرشیان کردە سەر گەنجێکی کورد، تەنیا لەبەر ئەوەی ئاڵای کوردستانی هەڵگرتبوو.

 

وەزارەتی پێشمەرگە جەخت لەوەش دەکاتەوە، ئەم ڕووداوە پێشێلکردنێکی ڕوونی مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤە، ئاڵای کوردستان نیشانەی ناسنامە و شانازی کوردستانە، کە بەپێی دەستوور دانی پێدانراوە لە عێراقی فیدراڵی دیموکراتیدا هیچ کەسێک نابێت بەهۆی هەڵگرتنییەوە ببێتە ئامانجی توندوتیژی و دەستدرێژی.

 

لە درێژەی ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی پێشمەرگە داوا لە لایەنی یاسایی و فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق دەکات، کە بە خێرایی هەنگاو بنێن و لێپرسینەوەیەکی جددی بکەن لەسەر ئەم ڕووداوە و بەرپرسیارانی ئەم کردەوەیە بدرێنە دادگا و ڕێگری بکرێت لە دووبارەبوونەوەی ئەم کردەوە نەخوازراوانە.

11 تشرینی دووەم 2025 14:37
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2025