لە هەولێر زەوی دابەشکراوە و لە سلێمانیش سەرۆکی شارەوانی تۆمەتبار دەکرێت
لە سلێمانی فەرمانبەران بەهۆی فێڵکردن لێیانەوە سەرۆکی شارەوانی تۆمەتبار دەکەن
بە بڕیاری سەرۆکوەزیران، مەسرور بارزانی لە هەولێر 60 هەزار زەوی دابەشکراوە و لە سلێمانیش فەرمانبەران بەهۆی فێڵکردن لێیانەوە سەرۆکی شارەوانی تۆمەتبار دەکەن.
ڕۆژی 27ی ئاداری 2024، لە سەر فەرمانى سەرۆکوەزیران، مەسرور بارزانی بڕیاردرا بە بەخشینی 200 مەتر زەوی بوو بە فەرمانبەرانی کەرتی گشتیی بەپێی مەرج و ڕێنماییەکان.
تاوەکو ئێستا لە سنوورى سەرۆکایەتى شارەوانى هەولێر چوار قۆناغ زەویی دابەشكراوە، کۆی گشتیى ئەو فەرمانبەرانەشی کە سوودمەند دەبن لە وەرگرتنی زەوی زیاتر 60 هەزارفەرمانبەر لە پرۆسەکە سودمەندبوون.
بەراورد بە سنووری پارێزگای سلێمانی ئەنجامدانی پڕۆسەی دابەشکردنی زەوی تەنیا یەک قۆناغ بوو کە ئەمەش ناڕەزایەتی فەرمانبەرانی لێکەوتووە ڕایانگەیاند: "دابەشکردنی زەوییەکان تەنیا بۆ سوودمەندبوونی فەرمانبەرانی سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی بووە نەک سەرجەم فەرمانبەرانی سلێمانی"، بەم هۆیەوە سەرۆکی شارەوانییان تۆمەتبار دەکرد، ئەمەش کەمتەر خەمی بەرپرسانی ئیداری سنورەکەیە و فەرمانبەران باجەکەی دەدەن.