پایتەخت

ئێران و ئیسرائیل خۆیان بۆ گەڕی دووەمی شەڕ ئامادە دەکەن

ئێران و ئیسرائیل خۆیان بۆ گەڕی دووەمی شەڕ ئامادە دەکەن
کورتە

پێشبینی سەرهەڵدانەوەی شەڕێکی نوێ نێوان ئیسرائیل و ئێران دەکرێت

ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی باس لەوە دەکات، ئێران و ئیسرائیل هەردووکیان بەشێوەی جیاواز سەرقاڵی ئامادەکارین بۆ گەڕی دووەمی شەڕی نێوانیان.

دوای ئەوەی ڕێککەوتننامەی ئەتۆمیی ئێران لەگەڵ وڵاتانی ئەندامی ڕێککەوتنەکە کۆتاییهات و دانوستانەکانی ئەو وڵاتە لەگەڵ ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپی ڕاگیرا، هاوکات لەگەڵ ئەوەی چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران فراوانتر بووە، لەئێستادا شرۆڤەکاران چاویان لەسەر ئەوەیە شەڕێکی دیکە لەنێوان ئێران و ئیسرائیلدا بێتە ئاراوە.

ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی لە ڕاپۆرتێکی نوێدا بڵاویکردووەتەوە، هێزی ئێران لە بواری ئەتۆمیدا زیاتر بووە، یۆرانیۆمی پیتێنراوی تاران دەتوانێت 11 بۆمبی ئەتۆمی دروست بکات، هەر ئەمەش وایکردووە سەرنجی ئیسرائیل زیاتر بۆ شەڕ ڕابکێشێت.

نیویۆرک تایمز لە درێژەدا ئاماژەی بەوەشکردووە، عەلی واعیز بەڕێوەبەری پڕۆژەی ئێران لە گروپی نێودەوڵەتیی قەیران ڕایگەیاندووە، بەرپرسانی ئێرانی پێیان گوتووە کارگەکانی دروستکردنی مووشەک بە شێوەی 24 کاتژمێری کار دەکەن و ئەوان بەنیازن ئەگەر شەڕێکی دیکە هەڵبگیرسێت، بە پێچەوانەی جاری پێشوو کە لە ماوەی 12 ڕۆژدا 500 مووشەکیان بەرەو ئیسرائیل هەڵدا، ئەمجارە 2000 مووشەک لە یەک کاتدا ئاڕاستەی تەلئەڤیڤ بکەن بۆ ئەوەی سیستەمی بەرگرییەکەی تێکبشکێنن.

 

ڕاپۆرتەکەی نیویۆرک تایمز ئاماژە بەوە دەکات، ئێران بەشێوەی جیاواز سەرقاڵی ئامادەکارییە و ئیسرائیلیش بەهەمانشێوە دەیەوێت بەتەواوی خۆی ئامادە بکات بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئێران، هەردووی ئەم وڵاتانە گەیشتوونەتە قۆناغی ئامادەیی تەواو و ئەگەری زۆرە، کە لە ماوەی داهاتوودا بینەری گەڕی دووەمی شەڕی نێوانیان بین.

10 تشرینی دووەم 2025 14:44
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2025