پایتەخت

پسوولەی ئەلیکترۆنی خۆراک کارا دەکرێتەوە 

پسوولەی ئەلیکترۆنی خۆراک کارا دەکرێتەوە 
کورتە

بە دوو قۆناغ دەست بە کاراکردنەوەی پسوولەی خۆراک دەکرێت

بەمەبەستی سوودگەیاندن بەو کەسانەی نەیانتوانیوە لە ماوەکانی ڕابردوودا ناوی خۆیان تۆمار بکەن، پسوولەی ئەلیکترۆنی خۆراک دووبارە کارا دەکرێتەوە.

ئەمڕۆ دووشەممە، نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی رایگەیاند، لە ئەمڕۆوە تا 20-11-2025، واتە بۆ ماوەی 10 ڕۆژ ئەپڵیکەیشنی پسوولەی ئەلیکترۆنی خۆراک کارا دەکرێتەوە، ئەمەش تەنیا بۆ ئەو هاووڵاتییانەی لە ماوەی ڕابردوو نەیانتوانیوە خۆیان تۆمار بکەن.

دوای تەواوبوونی ئەم 10 ڕۆژە، قۆناغێکی دیکە دەستپێدەکات و تێیدا هاووڵاتییان دەتوانن بەشێکی دیکەی زانیارییەکان لە پسوولەی ئەلیکترۆنی خۆراک تۆمار بکەن، ئەوانیش وەک خزمەتگوزاریی مامەڵەی هاونیشتمانیان لە تۆماركردنی ناوی منداڵ، گواستنەوەی پسوولە لە بریكارێک بۆ بریكارێکی دیکە، یان لە شارێك بۆ شارێکی دیکە، هەروەها تۆماركردنی ئەو كەسانەی كە هاوسەرگیریان كردووە و پسوولەی خۆراكیان نییە.

ئەمە لە کاتێکدایە، %13ـی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان خۆیان لە پسوولەی ئەلیکترۆنی خۆراک تۆمار نەکردووە، بەهۆیەوە بەشەخۆراک و بەشەئاردی مانگانەیان بڕاوە.

10 تشرینی دووەم 2025 09:57
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2025