ئەنجامی جیاکردنەوەی ئەلیکترۆنی و دەستی دەنگدان هاوشێوەی یەکتربوون
بەگوێرەی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان پرۆسەی ژماردنەوەی دەستی دەنگەکان و ئەلیکترۆنی بۆ دەنگدانی تایبەت تەواو بووە و یەکسانى تەواوى دەرخستووە
كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان کۆتاییهاتنی پڕۆسەی جیاکردنەوە و ژماردنی دەنگەکانی دەنگدانی تایبەتی ڕاگەیاند.
ئەمڕۆ دووشەممە، جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمسیۆن بە فەرمی ڕایگەیاند، پرۆسەی جیاکردنەوەی ئەلیکترۆنی و دەستی دەنگەکانی دەنگدانی تایبەت کۆتاییهاتووە و دەرکەوت، کە ئەنجامەکان هاوشێوەی یەکتربوون.
گوتەبێژی کۆمسیۆن ئاماژەی بەوەش کرد، دوای ئەوەی لە یەکترگونجانی ئەنجامەکان لە دەستی و ئەلیکترۆنی دڵنیابوونەتەوە، کۆپییەکی ئەنجامەکان ڕادەستی نوێنەری حیزب و هاوپەیمانییە سیاسییەکان کراوە.
لەلایەکی دیکەوە سەبارەت بە تۆمارکردنی سکاڵا، جومانە غەلای ڕایگەیاندبوو، لەسەرجەم بازنەکانی هەڵبژاردنی دەنگدانی تایبەتدا، تەنها 4 سکاڵای تۆمارکراون.
ئەمە لە کاتێکدایە، دوێنێ یەکشەممە 9-11-2025 پڕۆسەی هەڵبژاردنی تایبەت بەڕێوەچوو و تێیدا بەگوێرەی ئەنجامە بەراییەکانی دەنگدانی تایبەت، پارتی بە زیاتر لە 80 هەزار دەنگ و یەکێتی بە زیاتر لە 70 هەزار دەنگ یەکەم و دووەمن.
ئەنجامی دەنگەکان بەگوێرەی حیزبەکان بەمشێوەیەن:
- پارتی 81,219 دەنگ
- یەکێتی 71,368 دەنگ
-هەڵوێست 7197 دەنگ
-نەوەی نوێ 4326 دەنگ
- یەکگرتوو 3996 دەنگ
- کۆمەڵ 1,177 دەنگ
- بەرەی گەل 982 دەنگ